سپای پاسدارانی رێژیمی ئێران بە مەبەستی پاراستنی، کەشتی سیخوڕیی” ساویز” کەشتییەکی شەڕکەری ناردۆتە دەریای سوور.
کۆمپانیای شوێنهەڵگری نەوت هەڵگرەکان، بەبڵاوکردنەوەی وێنەیەک کە مانگەدەستکردەکان تۆماریان کردووە، ڕۆژی شەممە ٢٨ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێر ڕایگەیاند کە سپای پاسدارانی رێژیمی ئێران بە مەبەستی پاراستنی کەشتیی سیخوڕیی ساویز، کەشتییەکی شەڕکەریان ناردۆتە دەریای سوور.
هەر لەم پێوەندییەدا هاوپەیمانی عەرەبیی ڕایگەیاندووە کە سپای پاسدارانی رێژیمی ئێران بە مەبەستی گواستنەوەی کەرەستەی سەربازیی و گەیاندنی بە میلیشیا تێرۆریستە حووسییەکان و هەروەها چاوەدێری سیخوڕی لەو ناوچەیە، لە کەشتی ساویز کەڵکی وەرگرتووە.
جێگای ئاماژەیە کە ڕۆژی سێشەممە ١٧ی خاکەلێوە، کاناڵە هەواڵدەرییەکانی ئیسرائیل رایانگەیاند کە هێرشێکی سەربازییان کردۆتە سەر کەشتی ساویز کە سەر بە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانە لە دەریای سوور و لە نزیک کەناراوەکانی یەمەن.