مرادعەلی چراغی، باوکی ئومید چراغی پێشمەرگەی حیزب، لە شاری “کرێند”ی سەر بە ناوچەی داڵاهۆ، لە تەمەنی ٦١ساڵیدا بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچیدوایی کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی شەممە ٢٨ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی، کاک مرادعەلی چراغی، باوکی ئومید چراغی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە شاری کرێندی سەر بە ناوچەی داڵاهۆ لە تەمەنی ٦١ساڵێدا بەهۆی نەخۆشییەوە، بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لە ژیان کرد.
کاک مرادعەلی کەسێکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەری نێو باوەڕمەندانی ئایینی یارسان لە ناوچەی داڵاهۆ بووە و لەبەر خۆشەویستی بۆ نیشتمانەکەی کورێکی بەناوی “ئومید چراغی” پەروەردە کردووە و ناردوویەتییە ناو ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ئومید لە ناوەندی سێی کوردستان خەریکی تێپەڕاندنی ئەرکی پێشمەرگایەتییە.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێڕای دەربڕینی خەم و پەژارەی خۆمان بۆ کۆچیدوایی کاک” مرادعەلی چراغی” سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزیان وسەرجەم خزم و کەسوکاریان دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.