ئه‌مڕۆ دووی ڕێبه‌ندان، وه‌بیرهێنه‌ره‌وه‌ی دامه‌زرانی کۆماری کوردستانه. ڕۆژێکه که بۆ هه‌میشه جێگایه‌کی گرینگی له مێژووی پڕ له هه‌وراز و نشێوی نه‌ته‌وه‌که‌مان دا بۆ خۆی ته‌رخان کردوه.
ڕاسته کۆماری کوردستان له به‌شێکی زۆر بچووکی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان پێکهات. به‌ڵام شوێنه‌وار، گرینگی و خۆشه‌ویستیی ئه‌و ڕۆژه هه‌ر له یه‌که‌م ڕۆژی پێکهاتنی کۆماره‌وه سنووری داسه‌پاو و ده‌سکردیان به‌زاندوه، خۆیان گه‌یاندۆته هه‌موو به‌شه‌کانی کوردستان و له دڵی هه‌ر کوردێک دا که تۆسقاڵێک هه‌ست به کوردبوون و سته‌می نه‌ته‌وایه‌تی بکا، جێگیر بوون. ئه‌وه‌ش به هه‌ڵکه‌وت نیه. ئه‌و ڕۆژه سیمبۆلی سه‌رکه‌وتن و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و ئاوات و ئامانجانه‌یه که نه‌ته‌وه‌ی کوردی سته‌ملێکراو به هه‌موو به‌ش و زاراوه و ناوچهکانییهوه خه‌باتێکی سه‌ختی له‌مێژینه‌ی بۆ کردوون و ده‌یان هه‌زار ڕۆڵه‌ی تێکۆشه‌ری له پێناو دا فیدا کردوون.
به‌ڵێ، دووی ڕێبه‌ندان، کۆماری کوردستان و پێشه‌وا قازی ته‌نیا ئی به‌شێکی گه‌لی کورد نین و به بێ جیاوازی ئی هه‌موو نه‌ته‌وه‌ی کوردن. هه‌ر بۆیه‌ش ده‌بێ بڵێین:
” دووی ڕێبه‌ندان، ساڵڕۆژی دامه‌زرانی کۆماری کوردستان له هه‌موو نه‌ته‌وه‌ی کورد پیرۆز بی!”
من ئه‌مساڵ ده‌مه‌وێ له‌م هه‌وارگه هه‌ژارانه‌یه‌ی خۆم دا به هێنانی شێعرێکی جوان له شاعێرێکی خاوه‌ن هه‌ست و پێشکه‌ش کردنی به میوانانی خۆم، ڕێز له‌و ڕۆژه بگرم و یادی بکه‌مه‌وه. شێعره‌که‌ش خۆی به‌سه‌رهاتێکی بچکۆله‌ی هه‌یه، که له چه‌ند دێڕ دا بۆتانی ده‌گێڕمه‌وه.
زستانی ساڵی ١٣٦٧ی هه‌تاوی من له به‌شی ڕادیۆ و بڵاوکرنه‌وه‌ی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران دا کارم ده‌کرد. ( دیاره حیزب ئه‌و کات دوو به‌ش بوو و من له به‌شی ” ڕێبه‌رایه‌تیی شۆڕشگێڕ” دا بووم). بنکه‌مان له دۆڵی “قه‌ڵاسه‌یده”ی پشت شاری “ڕانیه” بوو. من زنجیره به‌رنامه‌یه‌کی ئه‌ده‌بی ـ هونه‌ریم هه‌ر به ناوی “به‌رنامه‌ی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر” ه‌وه بۆ ڕادیۆ ده‌نووسی و ڕۆژانی هه‌ینی بڵاوم ده‌کرده‌وه. به‌رنامه‌که جێی خۆی کردبۆوه و زۆر جار نامه و به‌رهه‌می بیسهرانم بۆ ده‌هات. ڕۆژێک له سه‌روبه‌ندی دووی ڕێبه‌ندان دا، هاوڕێیهک دوو نامه‌ی بۆ هێنام. یه‌کێک له نامه‌کان ئه‌و شێعره‌ی تێدا بوو که ئێستا لێره ده‌ینووسمه‌وه و ئیمزای “بڵند” ی له ژێره‌وه درابوو. شێعره‌که سه‌ردێڕی “کۆماره‌که‌م”ی به‌سه‌ره‌و بوو و زۆر جوان بوو . منیش ده‌سبه‌جێ له به‌رنامه‌که دا گونجاندم و بڵاوم کرده‌وه.
ئه‌و کات به‌عس به سه‌ر کوردستان دا زاڵ بوو. زۆر جار تیمی کادر و پێشمه‌رگه‌کانی پارتی، یه‌کیه‌تی، شیووعی و ڕێکخراوه‌کانی دیکه‌ی باشووری کوردستان ده‌هاتن و چه‌ند ڕۆژێک به نه‌هێنی میوانی ئێمه ده‌بوون. کاک “بڵند” ی شاعیریش کادرێکی پارتی دێمۆکڕاتی کوردستان بوو و میوانی یه‌کێک له بنکه‌کانی ئێمه بوو. به داخه‌وه بۆم نه‌کرا ئه‌و کات له نێزیکه‌وه بێبینم و هێشتاش به ڕه‌نگ و ڕوو نایناسم و دیاره ناشزانم داخوا ئه‌و ناوه ناوی ڕاستی خۆیه‌تی، یان هه‌ر نازناوه. به‌ڵام ئه‌و شێعره‌ی یادگارێکی به نرخه که له لای من ماوه‌ته‌و و زۆر جار و له زۆر شوێن به بۆنه‌ی دووی ڕێبه‌ندانه‌وه خوێندوومه‌ته‌وه. نازانم کاک بڵند ئێستا له کوێیه. به هه‌رحاڵ هیوادارم هه‌ر ساغ و به‌خته‌وه‌ر بێ. زۆرم پێخۆشه جارێک له نیزیکه‌وه بیبینم یان ناونیشانیم هه‌بێ و پێوه‌ندیی پێوه بگرم.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
● بڵند
زستانی ساڵی ١٩٨٨
کۆماره‌که‌م
کۆماره‌که‌م،
وه‌ک کۆرپه‌یێ،
تازه پێت نابووه ژیان،
له ژین کرای.
هێشتا تامی شیری دایکت نه‌کردبوو،
کاتێ له باوه‌شی بڕای.
وه‌ک خه‌باتگێڕێکی ناکام،
له گه‌ڵ ده‌سڕێژی یه‌که‌ما شه‌هید کرای.
وه‌ک به‌ندیێ،
هیچ دادگایێ لێی نه‌پرسی،
کاتێ له سێداره درای.
وه‌ک شینایی جووتیارێک بووی،
هێشتا دروێنه نه‌کرابووی،
کاتێ هه‌ر به شینی خورای.
وه‌ک خاوه‌ن ماڵ،
پشووت له ماڵی خۆت نه‌دا،
کاتێ له شاری خۆت تارای.
وه‌کوو ده‌نگی ئازادیخواز،
نه‌گه‌یشتبوویه سه‌ر لێوان،
هه‌ر له‌نێو گه‌روو دا خنکای.
وه‌کوو شێعری شاعیرێک بووی،
هێشتا له دایک نه‌بوو بووی،
له په‌رده‌ی ئیلهاما پژای.
وه‌ک هه‌واڵی ئاژانسێکی ده‌نگوباس بووی،
لاپه‌ڕه‌ی ڕۆژنامه‌ت نه‌دی،
کاتێ له ژێر جاپ دا دڕای.
وه‌کوو مه‌شخه‌ڵی نه‌ورۆز بووی،
هێشتا بڵێسه‌ت نه‌دابوو،
له چوار لاوه فوو لێ‌کرای.
وه‌ک تیشکی ڕۆژ،
هه‌رکه یه‌که‌م گزینگت دا،
له سه‌وزایی خاکا گیرای.
وه‌ک دره‌ختێ به‌ری میوه‌ت نه‌گرتبوو،
کاتێ ته‌وری ڕۆژگاری ڕه‌ش،
بێبهزهیییانه قه‌ڵتی دای.
وه‌کوو بانگی مه‌لای ئایین،
نهگهیییه سه‌ری مناره،
کاتێ خۆت و پێشه‌واکه‌ت،
خرانه قوڵفی سێداره.
به‌ڵام ئازیز، ئه‌ی کۆمارم،
ئه‌ی سامانی کورده‌واریم،
ساڵان دێن و ساڵان ده‌ڕۆن،
یادت ماوه،
له‌بیر نه‌کرای.
له مێژووی خوێناویی کورد دا تۆمار کرای.
دڵنیابه! دڵنیا به!
ڕێبوارانی کاروانی دوور،
گۆشه‌ی دڵیان،
سۆمای چاویان،
بۆ کردی به تابووتی سوور.
تۆ و پێشه‌وا له یاد ناکرێن،
له دڵمانن.
هه‌موو ساڵێ،
له سه‌ره‌تای ڕێبه‌ندانا،
له نێو گشت ماڵێ میوانن.
هه‌تا ماوین ئێوه‌ش ماون،
له گه‌ڵتانین،
له گه‌ڵمانن!