ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی لە نوێترین بەیاننامەی خۆیدا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئێران، بەرهەمهێنان و پیتاندنی ئۆرانیۆمی لە سەتا ٦٠ی لە دامەزراوەی ناوکیی نەتەنز دەسپێکردووە.
ڕۆژی شەممە ٢٨ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی، ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی لە نوێترین بەیاننامەی خۆیدا ڕایگەیاند کە لێکۆڵەرانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزە، نموونەگەلێکیان لەدامەزراوەی ناوکیی نەتەنز بەدەستهێناوە کە پیتاندنی ئۆرانیۆمی بەڕێژەی لە سەتا ٦٠ی لەو دامەزراوە ناوکییە پشتڕاست دەکاتەوە.
ئەم کارەی ئێران لە کاتێکدایە کە زلهێزە جیهانییەکان سەرقاڵی وتووێژ لە هەمبەر بەرنامەی ناوکیی ئێرانن بۆ گەڕانەوەی ئەو وڵاتە بۆ بەڵێنەکانی لە ڕێککەوتنی ناوکیی و لابردنی هێندیک لەو گەمارۆگەلەی کە ئەمریکا بەسەر ئێرانیدا سەپاندووە.
ئاژانسی نێونەتەوەیی وزە ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند کە ئێران بەرهەمهێنانی” هێگزا فلۆراید”ی ئۆرانیۆمی پیتێندراوی لە دامەزراوەی ناوکیی نەتەنز دەسپێکردووە کە ئەم هەوڵانەی ئێران، وڵاتانی ئەندام لە ئاژانسی وزەی ناوکیی و بەتایبەت وڵاتانی بەشدار لە ڕێککەوتنی ناوکیی زۆر نیگەران کردووە.