دوو کەسایەتیی خۆشناو و نیشتمانپەروەری ناوچەکانی شامات، چۆمی مەجیدخان و مەنگورایەتی سەر بە شاری مەهاباد، کۆچی دواییان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو لە کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە، لەماوەی ڕۆژانی رابردوودا دوو کەسایەتیی خۆشناو و دڵسۆزی نیشتمان، بەناوەکانی ” کەریم پڕئەولاد” و “محەممەد نەبی” لە ناوچەکانی شامات، چۆمی مەجیدخان و مەنگوڕایەتی سەر بە شاری مەهاباد، بەهۆی نەخۆشییەوە ماڵاواییان لە نیشتمان و کەسووکاریان کرد.
مام کەریم پڕئەولاد، دۆستی نزیک و هاوکاری بەردەوامی کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ناوچەی مەنگورایەتی مەهاباد بوو کە، بەردەوام بە دڵسۆزییەوە هەموو جۆرە هاوکارییەکی پیشمەرگە و کادری حیزبی لەناوچەی مەهاباد دەکرد؛ مام کەریم هەم ئەو کاتەی کە ناوچەکە و بەتایبەتی گوندی “خڕەجۆ” ئازادکراو بوو، خۆی و بنەماڵەکەی لە خزمەتی حیزبی دێموکراتدا بوون و هەم ئەوکاتەش کە ناوچەکە لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە داگیرکراوە، بەهەموو توانایەوە هاوکاری و پشتیوانیی لە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات لەو ناوچەیە دەکرد.
هەروەها کاک “محەممەد نەبی”ـش کەسایەتییەکی دیار و دڵسۆزی ناوچەی شامات و چۆمی مەجیدخان کە، وەکوو کەسایەتییەکی ئاینیی لە چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی خەڵکی ئەو ناوچانە ڕۆڵی بەرچاوی دەگێڕا، بەهۆی نەخۆشییەوە لە شاری مەهاباد ماڵاوایی لە نیشتمان و ئەویندارانی ناوچەکە کرد و لەنێو ئاپۆڕای خەڵکدا، بەوپەری ڕێز و ئەمەگناسییەوە بە خاکی کوردستان سپێردرا.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە، پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەکانی “پڕئەولاد” و “نەبی” و هەموو خەڵکی ناوچەی مەهاباد دەکەین و خۆمان بەشەریکی خەمیان دەزانین.