ئەلێکسی دانیلۆف، بەڕێوەبەری شۆرای بەرگریی و ئەمنییەتی نەتەوەیی ئۆکراین، کە بەرپرسی چاوەدێریی لێکۆڵینەوەکان سەبارەت بە بەردانەوەی فڕۆکە ئۆکراینییەکە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە دەکا وتی:” ئێران بەئەنقەست فڕۆکەکەی کردە ئامانج”.
ناوبراو لە وتووێژ لەگەڵ ڕۆژنامەی کانادایی “گڵۆپ ئەند مەیل” وتی: کە ئێران ڕێگە بە هیچ لایەنێک نادا کە لە بارەی ئەو کارەساتە لێکۆڵینەوە بکەن و بۆ من جێی قبوڵکردن نییە کە بڵێن ئەوە ڕووداوێکی نەخوازراو بووە و ڕێژیمی ئێران بەئەنقەست فڕۆکەکەی کردۆتە ئامانج.
گوندوز مامدۆف، جێگری دادسێتنی گشتیی ئوکراین بە تاوانبارکردنی کۆماری ئیسلامی بە “شاردنەوەی بە ئەنقەستی تاوان” داوای لە کۆماری ئیسلامی کرد زانیاری ئەو ۱۰ کەسە کە کۆماری ئیسلامی ئیدیعا دەکا لەسەر ئەو بابەتە گیراون و بڕیار وایە سزا بدرێن، ڕادەستی ئوکراین بکا.
جێی ئاماژەیە دوای بڵاوبوونەوەی قسەکانی بەڕێوەبەری شۆرای بەرگریی و ئەمنییەتی ئۆکراین، بنەماڵەی قوربانیانی فڕۆکە مەدەنییە ئۆکرانییەکە وتیان:” ئێمە لە ڕۆژی یەکەمی ڕووداوەکەوە زانیمان تێکشکاندنی فڕۆکەکە لەلایەن سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانەوە بەئەنقەست بووە و ئاگاداری شاردنەوەی ڕاستییەکان لەلایەن سپای پاسدارانەوە بووین”.