ڕۆژی ڕابردوو دووکەس لە بەکرێگیراوانی سپای پاسداران، لە شارەکانی پیرانشار و ڕەبەت بە سزای خەیانەتەکانیان گەیشتن.
بەپێی ئەو هەواڵانەی کە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە، ڕۆژی هەینی ٢٧ی خاکە لێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە شارەکانی پیرانشار و ڕەبەت، دوو بەکرێگیراوی سپای پاسداران کوژران و بەسزای خەیانەتەکانیان بەگەل و نیشتمان گەیشتن.
ئێوارەی هەینی، لە جاددەی گوندی”زیویە”ی پیرانشار چەند کەسی نەناسراو، ماشێنێکیان دایە بەر دەسڕێژی گولـلە و لە ئاکامدا بەکرێگیراوێکی ئەو ناوچەیە بە ناوی” عوسمان حاجی حوسێنی” کە ماوەی ١٧ساڵە بەکرێگیراوی سپای پاسدارانە و دەستی بەخوێنی پێشمەرگە و خەڵکی ناوچەکە سوور بووە کوژراوە و بە سزای خەیانەتەکانی گەیشتووە.
لەلایەکی دیکەو شەوی هەینی، کاتژمێر ٩ی شەو لە فەلەکەی جوتیاری شاری ڕەبەت، چەند کەسی نەناسراو تەقە لە بەکرێگیراوێکی سپای پاسداران بە ناوی” خالید چەرمە ” دەکەن و بەتوندی بریندرا دەبێ و دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی سەردەشت، بەهۆی قورسیی برینەکانیەوە کوژراوە و بەسزای خەیانەتەکانی گەیشتووە.
ناوبراو خەڵکی گوندی مێونە و دانیشتووی گوندی سارتکەیە و سیخوڕ و هاوکاری دەزگا ئیتلاعاتییەکانی سپای پاسداران بووە.