ئەمریکا، گەڵاڵەیەکی بۆ لابردنی هێندێک لە گەمارۆکانی سەر ئێران بەو مەرجەی کە ڕێژیمی ئێران بگەڕێتەوە بۆ بەڵێنەکانی لە ڕێککەوتنی ناوکیی ئامادە کردووە.
سەرچاوی هەواڵی ئەمریکایی” فارین پاڵیسی” ڕۆژی هەینی ٢٧ی خاکەڵێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی، هەواڵی گەڵاڵەی مەرجداری ئەمریکا بۆ لابردنی هێندێک لە گەمارۆکانی سەر ئێران بەومەرجەی کە ئێران بگەڕێتەوە بۆ بەڵێنەکانی لە ڕێککەوتنی ناوکیی بڵاوکردەوە.
بەوتەی ئەم سەرچاوەیە چاوەڕوان دەکرێ، ڕابێرت مالی، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران، گەڵالەیەک بە ئێران پێشنیار بکا کە بەو مەرجەی ئێران بگەڕێتەوە بو بەڵێنەکانی لە ڕێککەوتنی بەرجام ئەو ئەمریکاش هێندێک لە گەمارۆکانی سەر ئێران لا دەبا.
بەپێی سەرچاوە هەواڵییەکانی ئەمریکا، تەنیا کاتێک گەمارۆکان لەسەر ئێران کەم دەبێتەوە کە ئێران، بردنەسەری ئاستی پیتاندنی ئۆرانیۆم ڕابوەستێنێ.
هەروەها ئەم سەرچاوەیە ڕایگەیاندووە بۆ ئەوەیکە جۆبایدێن سەرۆککۆماری ئەمریکا، دووربێ لە ڕەخنە و گازندەی کۆماریخوازەکانی ئەمریکا، کەبەهەموو جۆرە ئیمتیازدانێک بە ئێران ناڕازین، بەشێکی گەورە و بەرچاوی گەمارۆکان بە دژی ئێران، وەکوو خۆی دەمێنێتەوە.
لەدرێژەی ڕاپورتی ئەو بڵاوکراوەیەدا هاتووە کە ئەمریکا ئەو گەمارۆگەلەی کە لەهەمبەر پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و هێرشە سایبێرییەکاندا بە سەر ڕێژیمی ئێرانیدا سەپاندووە بەردەوام دەبن.