سەرەڕای ئەوەیکە دەوڵەتی بایدێن چەندینجار هۆشداریی داوەتە بەرپرسانی ئیسرائیل بۆ ئەوەیکە هێرشەکانیان بۆسەر دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران ڕاوەستێنن بەڵام ئیسرائیل سوورە لەسەر هێرش بۆسەر هەموو بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی.
بە پێی هەواڵی کاناڵی ١٣ی ئیسرائیل، ئاویو کۆخاوی، بەرپرسی گشتیی ئەرتەشی ئیسرائیل و یووسی کۆهێن سەرۆکی مووساد، بڕیارە ڕۆژی یەکشەممە ٢٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی لە دانیشتنی کابینەی ئاسایشی ئیسرائیلدا بەشدار بن و سەرەڕای هەوڵ و هۆشدارییەکانی ئەمریکا بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ڕێژیمی ئێران و بەتایبەت دامەزراوە ناوکییەکانی لە کاتی وتووێژەکانی بەرجامدا پلانی هێرشی زیاتر بۆ سەر ئەو ڕێژیمە داڕێژن.
شایانی باسە کە بەرپرسانی ئیسرائیل جەختیان لەسەر ئەوە کردووە کە ئیسرائیل بۆ خۆی بڕیار لەسەر هێرش بۆ سەر ڕێژیمی ئێران دەدا و بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیلیان لە هەموو شتێک بۆ گرینگترە.