موحسین ڕەزایی، سکرتێری کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ڕێژیم، تەقینەوەکەی نەتەنزی بە ئابڕووچوونێکی دەزگای ئیتلاعاتیی و زانیاریی ڕێژیم ناوبرد.
موحسین ڕەزایی، سکرتێری کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ڕێژیم، ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە وتوێژ لەگەڵ هەواڵدەریی “مێهر” تەقینەوەکەی نەتەنزی لە ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردووا بە ڕووداوێکی حەسییەتی ناوبرد و وتی:” ئەمنییەتی وڵات بە شێوەیەکی بەربڵاو تووشی ئاڵۆزیی ئەمنییەتی بووە و لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا ئەمنییەتی وڵات مەترسیی زیاتری لە سەر بووە و زانیارییەکان بە خێرایی دزەی کردووە و لەو ماوەیەدا دوو جار تەقینەوە لە نەتەنز ڕوویداوە و بەرپرسی یەکەمی بەرنامەی ناوکیی ئێران موحسین فەخریزادە تیرۆر کرا و ئەوەش بۆ دەوڵەت ڕووداوێکی حەسییەتی بووە و پێشتریش بەڵگەنامەی نهێنیی ناوکیی ئێمە دزراوە و ئەو ڕووداوانە نیشاندەری ئەوەیە کە ئێمە لە باری ئەمنییەتییەوە زۆر لاواز بووین.
ڕەزایی ئەوەشی زیاد کرد کە لە هەموو دنیادا هەر ١٠ ساڵ جارێک بە گشتیی هەموو سیستمی ئەمنییەتیی وڵات پاکسازی دەکەن، بەڵام ئێمە ٣٠ سالە ئەو کارەمان نەکردووە و لە ماوەی دە ساڵی رابردوودا دەستپێڕاگەیشتن بە سیستمی ئەمنییەتی ئێران زۆر زیادیکردووە.
ئەو قسانەی ناوبراو لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی دیکەی ڕێژیمیش دانیان بەوە داهێناوە کە زانیارییە ئەمنییەتییەکانی ئێران زۆر بە هاسانی دزەی کردووە.