کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی کاناڵە دروستکراوەکانی تێلگرام بانگەشەی ئەوە دەکات کە، کەرەستەی تەقینەوەی “نەتەز” لەلایەن کۆڵبەران و لە سنوورەکانی کوردستانەوە گوازراوەتەوە بۆ ئەو وڵاتە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەکوو کاناڵی تێلگرام، پڕوپاگەندەی ئەوەی بڵاو کردووەتەوە کە ئەو تەقینەوەی لە سانتریفیوژەکانی “تەتەنز” ڕوویداوە، هەموو کەرەستەکانی لە سنوورەکانی کوردستان و لە لایەن کۆڵبەرانەوە گوازراوەتە بۆ ناو ئێران، ئەو پلانەی ڕێژیم تەنیا بە مەبەستی کوشتنی زیاتری کۆڵبەرانە.
کۆماری ئیسلامی ئەمە یەکەمجار نییە کە پلان و پڕوپاگەندەی لەو شێوەیە بڵاو بکاتەوە بە بیانووی ئەوەی خەڵکی کوردستان بە گشتی و کۆڵبەران بە تایبەتی بداتە بەر دەسڕیژ، هەروەها لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا “موحسین فەخریزادە” بەرپرسی بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران بە پلانێکی بەرنامە بۆ داڕێژراو کوژرا، هەرئەو کات کۆماری ئیسلامی زوو کۆڵبەر و لاوانی کوردستانی لە کوشتنی ناوبراودا تۆمەتبار کرد و بە دەیان کەس لە خەڵکی کوردستانی دەسبەسەر کرد و تا ئیستاش هەندێک لە هاووڵاتییان بەو هۆیەوە لە لایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەرن و چارەنووسیان نادیارە.
بە تاوانبارناساندنی کۆڵبەرانی کورد لەو جۆرە هێرشانەدا ئەوپەڕی داماوی و بێدەسەڵاتیی ڕێژیم لە هەمبەر ئیسرائیل و ئەوپەڕی دژایەتیی لە هەمبەر گەلی کورددا دەسەلمێنێ.