شەوی ڕابردوو لە هێرشێکی مووشەکیدا، میلیشیاکانی سەربەسپای قودسی ئێران، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێریان کردە ئامانج.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵی هەواڵدەرییەکان، شەوی چوارشەممە ٢٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە ئاکامی هیرشێکی مووشەکییدا فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێری پێتەختی هەرێمی کوردستان کرایە ئامانج و گرووپی میلیشیای ئەولیائەدەم، کەسەر بەسپای قودسی ڕێژیمی ئێرانە، لە راگەیاندراوێکدا ڕایگەیاند کە ئەو هێرشە لەلایەن ئەوانەوە کراوەتە سەر فڕۆکەخانەکەی هەولێر.
ئەو گرووپە میلیشیایە کە لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە پاڵپشتییان دەکرێ و بەشێکە لە گرووپی میلیشیاکانی کەتائێبی حیزبوڵای عێراقی، لە راگەیاندراوەکەیاندا رایانگەیاندووە کە بەردەوام دەبن لە هێرش بۆسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا .
هەروەها پێشتریش گرووپى تێرۆریستى ئەلنوجەبا کە میلیشیایەکى حەشدى شەعبییە و ڕاستەوخۆ فەرمان لە سوپاى قودسەوە وەردەگرێت، هێرشەکەى سەر فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى هەولێرى گرتووەتە ئەستۆ.
لەلایەکی دیکەوە شەوی ڕابردوو بنکەیەکی سەربازیی تورکیە، لە مووسڵ، بەسێ مووشەک کرایە ئامانج کە بۆتە هۆی کوژرانی سەربازێکی تورکیە
جێگای ئاماژەیە کە وەزارەتی نێوخۆی هەرێمی کوردستان بەشێکی هێرشەکەی بە هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ناوبرد کە بە دیواری فڕۆکەخانەدا تەقیوەتەوە.
مووشەكى دووهەم لەناو گوندی زليكان كەوتووەتە خوارەوە و هەروەها مووشەکى سێیەمیش لە گوندى كوداتى نزيكی سەربازخانەکە كەوتووەتە خوارەوە.