خاوەن زەوییە کشتوکاڵییەکانی ناوچەی شاروێرانی مەهاباد، لەهەمبەر بەکرێدانی زەوییەکانی ئەو ناوچەیە بە خەڵکی بێگانە ناڕازین.
بەشێک لە خاوەن زەویی کشتوکاڵیی ناوچەی شاروێران دەڵێن:” دیاردەیەکی مەترسیدار لە شاری مەهاباد ماوەی دوو ساڵە هاتۆتە پێش کە ئەمجارە خەڵک خۆیان رۆڵی سەرەکی دەگێڕێن و تا دێ بەرەو هەڵکشانە، ئەویش بە کرێدانی زەوییە بەپیتە کشتوکاڵییەکانى دەشتی شاروێرانە بە ئازەری زمانەکانی بناو و مەلەکان و میاندواو”.
ئەو کەسانەش بە پارەیەکی زۆر زەوییەکان بەکرێ دەگرن بۆ پیاز و گێزەر کە چەندین مەترسی خستۆتە سەر خەڵکی ناوچەکە بە گشتیی وەک بێکاربوونی کەسانی خۆجێیی ناوچەکە و رێگەی کاسبیکردنیان گیراوە و بەهۆی بەکارهێنانی جۆرێک ژەهرى دانەکووژ، خاکەکە نەزۆک دەکەن و تا چەند ساڵ دواتریش هیچ جۆرە گیا و بەرهەمێکیتری لێناڕوێت و هەر وەها بەهۆى هاتنى ئەوانە بۆ نێو دەشت و مەزراکانی ناوچەی شاروێران ڕادەی ئەمنیەت زۆر دابەزیوە و بەم کارەش و لەبەر هەژارىی خەڵکەکە و بەکرێدانى زەوییە کشتوکاڵییەکان بە پارەیەکى باشتر بە خەڵکى دەرەوەى شارەکە و بێگانەکان، نزیکەی ۲۰۰ هێکتار زیاتر کەوتۆتە ژێر دەستی ئازەرییەکان و زۆر جێگا هەیە کە وەرزێری کورد بۆتە کەمینە و یا هەر لێی نییە.
ئەمەش لە درێژماوەدا جۆرێک تورکی کردنی ئەو ناوچانەیە کە زۆر بە ئاسانی و بێدەنگی خەریکی تەشەنەکردنە.
شایانی باسە کە ئەو دیاردە لە شارەکانی پارێزگای کرماشان و هەروەها لە ناوچەکانی قوروە و دێولانیش ساڵانێکە کە بۆتە خشپەیەکی مەترسیداری گۆڕانی دێمۆگرافی و ژئۆپۆلتیکی ناوچەکە.