چالاکانی ژینگەپارێزی شاری پیرانشار، لە گوندی گەزگەسکی پیرانی ئەو شارە بە چاندنی ٢٦نمامی “توو” لە کۆڵان و دەورووبەری ئەو گوندە چالاکیی ژینگە پارێزییان بەڕێوە برد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا چالاکانی ژینگە پارێزی شاری پیرانشار، چالاکییەکی ژینگەپارێزییان بەڕێوەبرد، کە لەو چالاکییەدا لە کۆڵان و دەورووبەری گوندی “گەزگەسکی پیران” سەربە پیرانشار ٢٦نمامی “توو” یان چاند و دەیانهەوێ ژینگەی نیشتمان جوان و رازاوە بێ.
ژینگەپارێزانی کوردستان هەموو ساڵێک لە کاتی نمامچاندندا لە هەموو شوێنەکانی کوردستان، بەهەوڵ و یەکگرتوویی خۆیان لە شاخ و کۆڵان و شەقامەکانی کوردستان بە چاندنی نمام و هەڵمەتی ژینگەپارێزیی، کوردستان سەرسەوز و ئاوەدان دەکەنەوە و بەردەوام گرینگییەکی تایبەت بە ژینگەی نیشتمانەکەیان دەدەن و هیچ بەربەستێکی نەیاران و پلانەکانی ڕێژیم ناتوانێ ببێتە ڕێگر لە بەردەم خۆشەویستی و هەوڵیان بۆ ژینگەی کوردستان.