لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان لە ئێران، ڕۆژی ڕابردوو ٢٠ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە شارەکانی ئێران بەڕێوەچوو.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی هرانا، ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە درێژەی کۆبوونەوە نارەزایەتییەکان لە ئێراندا، ٢٠ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی لە شارەکانی ئێران بەڕێوەچووە.
کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی کۆمەڵێک لە خانەنشینکراوانی ڕێکخراوی دابینکردنی کۆمەڵایەتیی بۆ پێنجەمین ڕۆژی بەردەوام لە ١٩ شاری ئێران وەکوو تاران، لەبەردەم بینای مەجلیس و شارەکانی یەزد، ئەهواز، ئەراک، بجنورد، ئیلام، کرمان، کرماشان، خوڕەمئاوا، تەورێز، مەشەهەد، کەرەج، شاهروود، قەزوێن، شووشتەر، شووش، برووجێرد، نەیشابوور و بێهشەهر لە بەردەم بینای ڕێکخراوی دابینکردنی کۆمەڵایەتیی شارەکانیان و پشکدارانی بازاری بوورس لەبەردەم بینای بوورس لە تاران بەڕێوەچوو.
لەم کۆبوونەوە ناڕەزایەتییانەدا خانەنشینکراوانی ڕێکخراوی دابینکردنی کۆمەڵایەتیی، بۆ پێنجەمین ڕۆژی بەردەوام و بەدروشمی دوژمنی ئێمە ئەمریکا نییە بەرپرسانی ئێرانە، ناڕەزایەتیی بەربڵاویان دەربڕی و رایانگەیاند کە تا ئەو کاتەی داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێ، کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانیان بەردەوام دەبێ.
جێگای ئاماژەیە کە خانەنشین کراوانی شاری شووشتەر و چەند شاری دیکە چوونەتە نێو بینای ڕێکخراوی دابینکردنی کۆمەڵایەتیی شارەکانیان و بەدروشمی جوراوجۆر داواکاری جێبەجێکردنی خواست و ویستەکانیانن و دەڵێن: ئێمە ناچینە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگ بە کۆماری ئیسلامیی نادەین.