ئاڵمان، فەرانسە و بریتانیا لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ڕایانگەیاند کە پیتاندنی ئۆرانیۆم بەڕێژەی لە سەتا ٦٠ لەلایەن ئێرانەوە ئاسانکارییە بۆ دەسپێڕاگەیشتنی ئێران بەچەکیی ناوکیی.
دەفتەری وەزارەتی دەرەوەی فەرانسە، ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی، بەیاننامەی هاوبەشی سێ وڵاتی ئورووپایی بەشدار لە ڕێککەوتنی ناوکیی بڵاوکردەوە.
لە بەیاننامەیە هاوبەشەدا سەرەڕای دەربڕینی نیگەرانیی خۆیان لەهەمبەر هەوڵەکانی ئێران بۆ بردنە سەری ئاستی ڕێژەی بەرهەمهێنانی ئۆرانیۆمی پیتێندراو ڕایانگەیاند کە ئێران تەنیا بەمەبەستی سەربازیی و دەسپێڕاگەیشتنی بەچەکی ناوکیی، ئاستی بەرهەمهێنانی ئۆرانیۆمی زیادکردووە.
لەبەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە کە ئێران ئەگەر مەبەستی ئاشتی وسەقامگیریی ناوچەکە و جیهانە دەبێ پیتاندنی ئۆرانیۆم بە ڕێژەی لە سەتا ٦٠ ڕابوەستێنێ.
هەروەها ئەو سێ وڵاتە ئورووپاییە دەڵێن: کە ئەم هەوڵە نوێیانەی ئێران زۆر مەترسیدارە، دەبێ زۆر بەخێرایی بگەڕێتەوە بۆ بەڵێنەکانی و وتووێژە ناوکییەکانی ویەن بەم هەوڵانەی قورستر نەکا.