کۆماری ئیسلامی هەوڵ دەدا لە نێوان دوو هۆزی “گەڵواخی و سەییەکان”ـی ناوچەی ساراڵی دیواندەرە کە دو هۆزی گەورە و بەناوبانگی ئەو ناوچەیەن، دووبەرەکێ دروست بکا.
ماوەیەکە دەستوپێوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی، ئەو پەڕی هەوڵی خۆیانداوە بۆ ئەوەی دوو هۆزی “گەڵواخی و سەییەکان” لێک تووڕە بکەن و نەهێڵن بە ئاشتی و ئارامی پێکەوە بژین، ئەو دوو هۆزە کە پێشتر کێشەگەلێکیان پێکەوە بووە، بەڵام ئێستا هیچ کێشەیەکیان پێکەوە نییە و پێوەندییەکی باش و یەکگرتووانەیان هەیە ئەوەش وایکردووە کە کۆماری ئیسلامی هەوڵی تێکدانی ئەو پیوەندییە بدا و تێبکۆشێ کێشە کۆنەکان زیندوو بکاتەوە.
کۆماری ئیسلامی بەردەوام ترسی لەوە هەیە کە هۆز و ئایینە جیاوازەکانی کوردستان، یەکگرتوو و تەبا بن پێکەوە، هەربۆیە هەموو هەوڵی خۆی دەدا کە ئاژاوە و بشێوی دروست بکا، خەڵکی ساویلکە و بەکرێگیراوانی ڕێژیمی خامنەیی لە ئێستادا لە هەوڵی ئەوەدان کە بە هاوکاریی ناوەندەکانی سەر بە ڕێژیم لە شاری سنە، بۆهەرکام لەو دوو هۆزە کۆنگرەیەک پێکبێنن و لەو ڕاستایەشدا چەندین کۆڕ و کۆبوونەوەیان بۆ گرتوون، ئەویش لە دڵسۆزیی بۆ ئەو دوو هۆزە نییە بەڵکوو دەیهەوێ لەو ڕێگەوە ناکۆکی و دووبەرەکێ لە نێوان کورددا دروست بکا.
جێی ئاماژەیە کە کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ساڵانی ڕابردووشدا هەمان هەوڵی داوە بۆ تێکدانی یەکڕیزی هۆز و ئایینەکان لە کوردستان، هەر لەماوەی ڕابردوودا بە ئاشکرا هەوڵی دەدا کە لە نیوان یارسان و موسڵمانەکاندا ناتەبایی و دووبەرەکی دروست بکا، بەڵام خەڵکی کوردستان لە پلانەکانی کۆماری ئیسلامی تێگەیشتوون و بە زیرەکی و ڕووناکبیری خۆیان پلانی تێکدەرانەی ڕێژیمیان پووچەڵ کردۆتەوە و نەکەوتوونەتە ئەو داوەی ڕێژیم و سپای پاسداران.