هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندی تاوگۆز بەناوی ” بەهرام شەریفی” کە بۆ کۆکردنەوەی گژوگیای بەهاری ڕووی لە بەرزاییەکانی ناوچەی زێران کردبوو، کەوتە خوارەوە و بەو هۆیەوە دەست و لاقی شکاوە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی خاکەلێوەی ١٤٠٠هەتاوی، بەهرام شەریفی تەمەن ٥٥ساڵ هاووڵاتی خەڵکی گوندی “تاوگۆز” ی سەربە شاری جوانڕۆ کە بۆ کۆکردنەوەی گیای بەهاری ڕووی لە بەرزاییەکانی “سۆلە”ی گوندی زێران کردبوو، کەوتووەتە خوارەوە و دەست و لاقی شکاوە و هیچ ئۆرگانێکی سەربە کۆماری ئیسلامی نەچوون بە هاوارییەوە.
خەڵکی گوندی “زێران” کە زانیویانە بەهرام شەریفی لە بەرزاییی ئەو ناوچەیە کەوتووەتە خوارەوە، پێوەندییان بە ئۆرگانە پێوەندیدارەکانی ڕێژیم کردووە بۆ ڕزگارکردنی، بەڵام هیچ ولامێکیان نەدراوەتەوە و خەڵکی “زێران” بە هەوڵ و هیممەتی خۆیان بە کەمترین ئیمکانات ئەو هاووڵاتییەیان ڕزگار کردووە و دەسبەجێ بۆ ناوەندە تەندروستییەکانیان لە شاری جوانڕۆ گواستووەتەو.