ناوەندی ژیانەوەی گۆلی ورمێ، ڕەخنەی لە وەزارەتی وزەی ڕێژیم گرت کە، ئەو بەنداوانەی ئاوەکەیان دەڕژێتە گۆلی ورمێوە، ئاوەکە بەرنادەنەوە و هۆشداریش دەدا کە ئەو کارە ڕووداوی ژینگەیی دەخوڵقێنێ.
مەسعود تەجریشی، بەڕێوەبەری ناوەندی ژیانەوەی گۆلی ورمێ دەڵێ: وەزارەتی وزە ئاوی بەنداوەکان گلدەداتەوە و بەپێی ڕێککەوتنێک کە لە ساڵی ٢٠٢٠ و ٢٠٢١ی زایینی کراوە، دەریچەی بەنداوەکانیان بەڕووی گۆلی ورمێدا داخستووە و رێگەیان نەداوە ئاو بڕژێتە دەریاچەکە و ئەم کارەش هەڕەشە لەسەر ژیانی ١٥میلیۆن کەس دروست دەکا.
فەرهاد سەرخۆش، بەرپرسی گشتیی ناوەندی ژیانەوەی گۆلی ورمێش دەڵێ: دەبێ لە بەنداوەکانەوە ٦٤٠ میلیۆن میترسێجا ئاو بۆ گۆلی ورمێ بەربدرێتەوە، بەڵام ئەمساڵ تەنیا ١٦٥ میلیۆن میتری سێجا بەردراوەتەوە و ئەوەش لە ئێستادا ڕاگیراوە.
گۆلی ورمێ لە ماوەی ١٠ساڵی ڕابردوودا ئاوەکەی زۆر کەمیکردووە و بەرەو ویشکبوون دەچێ، بەڵام ساڵی ٢٠١٣ی زایینی “حەسەن ڕووحانی” بەڵێنی دا کە ئەو دەریاچەیە بژێنێتەوە، بە قسەی بەرپرسانی ناوەندی ژیانەوەی دەریاچەی ورمێ، ئەگەر ئاوی بەنداوەکان بەرنەدرێنەوە، لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرما و بەهەڵمبوونی ئاوەکەی، دیسان دۆخی ئەم دەریاچەیە رووبەڕووی قەیرانی جیددی دەبێتەوە و ژیانی ١٥میلیۆن کەس دەکەوێتە مەترسییەوە.