یەکێک لەو کێشانەی کە لەو ڕۆژانەدا خەڵکی کوردستان لەگەڵی بەرەوڕوو بوونە، کەمی و نەبوونی ڕۆنە کە خەڵک ناچارن بە چەندین کاتژمێر لە ڕیزە دوور و درێژەکاندا ڕابوەستن بۆ ئەوەی ڕۆن بکڕن.
لە کاتێکدا کە شەپۆلی چوارەمی کۆرۆنا بە خێرایی لە ئێران و کوردستان بڵاو دەبێتەوە و زۆربەی شارەکانی کوردستان لە دۆخی سوور دان، نەبوونی ڕۆن لە شارەکانی کوردستان بووەتە هۆی ئەوەی کە ڕیزی دوورودرێژ بۆ کڕینی ڕۆن دروست بێ و خەڵک ناچارن لەو دۆخە خراپەی کۆرۆنادا بە چەندین کاتژمێر لە بەردەم شوێنی بڵاوکردنەوەی ڕاستەوخۆی کەلوپەل کە لەلایەن ناوەندی بازەرگانییەوە دابین کراوە بوەستن و تەنانەت بەشێکیان دوای ئەو هەموو ڕاوەستانە ڕۆنیان بەر ناکەوێ و ئەوەش نیگەرانی و نارەزایەتیی زۆری خەڵکی لێکەوتۆتەوە.
ئەو کەسانەی کە ناچارن لەو ڕیزانەدا ڕابوەستن توانایی کڕین و دابینکردنی پێداویستییەکانی ڕۆژانەیان لە هەمیشە کەمترە و لەو ڕیزانەدا هیچ پرۆتۆکۆل و ڕێوشوێنێکی تەندروستیی ڕەچاو ناکرێ و بەرپرسان تا ئێستا هیچ هەوڵێکیان بۆ دۆزینەوەی ڕێگا چارەیەک لەو بارەوە، کە بێڕێزییە بە کەرامەت مرۆیی خەڵکی کوردستان، نەداوەتەوە و ئەوەی بەلایانەوە گرینگ نەبێ بارودۆخی خەڵکی کوردستانە.