عەلی ڕەبیعی، وتەبێژی دەوڵەتی ئێران: لە کاتێکی گونجاودا تۆڵەی هێرشەکەی سەردامەزراوەی ناوکیی نەتەنز دەکەینەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئیسنا، عەلی ڕەبیعی، وتەبێژی دەوڵەتی ئێران ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، سەرەڕای مەحکوومکردنی هێرش بۆسەر دامەزراوەی ناوکیی نەتەنز وتی: هێرش بۆسەر دامەزراوەی ناوکیی نەتەنز، زەرەر وزیانێکی زۆری گەیاندۆتە ئەو دامەزراوەیە و ئێران لە کاتێکی گونجاودا تۆڵە لە بکەرانی ئەو هێرشە دەکاتەوە.
ناوبراو لەدرێژەدا دەڵێ: دەبێ کۆمەڵگەی نێونەتەوەی کاردانەوەیان لەهەمبەر تێرۆریزمی ناوکیی هەبێ و ئیران مافی خۆیەتی کە تۆڵەی ئەو هێرشە لە بکەرانی ئەو هێرشە بکاتەوە و بە زووترین کات ئێران دەست بە پەرەپێدان و بەرهەمهێنانی پیتاندنی ئۆرانیۆم لەو دامەزراوەیە دەکاتەوە.
هەرلەم پێوەندییەدا محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە نامەیەکدا بۆ سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، هێرش بۆسەردامەزراوە ناوکییەکانی ئێرانی بە جینایەتی شەڕ ناوبرد.