جەیک سالیوان، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا وتی: پاراستنی ئەمنییەت و ئاسایشی ئیسرائیل هێڵی سوورە و ئیزن بە ڕیژیمی ئێران نادەین ببێتە خاوەن چەکی ناوکیی.
کۆشکی سپی، شەوی سێشەممە ٢٤ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە هەوڵەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ بردنەسەری ئاستی ئۆرانیۆمی پیتێندراو بە ڕێژەی لە سەتا ٦٠ زۆر مەترسیدار و شەڕەنگێزانەیە و ئەمریکا ئەم هەوڵانەی ئێران زۆر بە جیددی دەزانێ.
هەرلەم پێوەندییەدا جەیک سالیوان، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، لە دانیشتنێکی ئانلاینی نێوان گرووپی ڕاوێژکاری ستراتیژیکی ئەمریکایی- ئیسرائیلی، شەوی سێشەممە، وتی: ئاسایش و ئەمنییەتی ئیسرائیل هێڵی سوورە و ئەمریکا لێبڕاوانە بڕیاری ئەوەی داوە کە ئیزن بە ڕێژیمی ئێران نادا دەستی بە چەکی ناوکیی ڕابگا.
ئەم بەیاننامەی ئەمریکا، بەدوای قسەکانی عەباس عێراقچی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران کە وتبووی ئێران پیتاندنی ئۆرانیۆمی بەڕێژەی لە سەتا ٦٠ دەسپێدەکا و هەروەها ئێران وتوویە کە بە ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکییمان ڕاگەیاندوە کە دامەزراندنی هەزار سانتریفیوژی پێشکەوتوومان لە دامەزراوەی ناوکیی نەتەنز دەسپێکردووە.
هەرلەم پێوەندییەدا دەفتەری سەرۆککۆماری فەرانسە، لەکاردانەوە بەم هەوڵە نوێیانەی ڕێژیمی ئێران بۆ بردنەسەری ئاستی بەرهەمهێنانی ئۆرانیۆمی پیتێندراو لە ڕاگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە کە ئەم هەوڵانەی ئێران زۆر مەترسیدارە و پێویستە وڵاتانی بەشداری ڕێککەوتنی ناوکیی یەکدەنگ وڵامێکی گونجاوی ڕێژیمی ئێران بدەنەوە.