خوسرەو مورادی، مامۆستا و چالاکیی ئایینی یارسان لە شاری کرماشان بەهۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لەژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی، مامۆستا خوسرەو مورادی، کەسایەتیی خۆشناو و چالاکیی ئایینی یارسان، بەهۆی نەخۆشییەوە لەیەکێک لەنەخۆشخانەکانی شاری کرماشان ماڵاوایی لەژیان کرد و بۆ هەمیشە دڵە گەورە و پڕ لە هیواکەی لە لێدان کەوت.
مامۆستا خوسرەو لیسانسی بیۆلۆژی هەبووە و ماوەی سێ ساڵ لە شارەکانی سنە و قەسری شیرین مامۆستا بوو و دوای خانەنشینکرانی، دەگەڕیتەوە بۆ زێدی باب و باپیرانی و لەکاتی بوومەلەرزەکەی پارێزگای کرماشاندا زەرەرو زیانێکی زۆر وەبەر ماڵی باوکی دەکەوێت وبە مەبەستی یارمەتی دانی بنەماڵەی باوکی، ماڵەکەیان دەگوازنەوە بۆ گوندی وێڵە.
جێگای ئاماژەیە کە مامۆستا خوسرەو، کەسایەتییەکیی نیشتمانپەروەر و خەمخۆری گەڵ و نیشتمانەکەی بووە و زۆر بوێرانە و بەڕاشکاوی داکۆکی لە مافی یارسانەکان کردووە و لەهەموو کۆڕوکۆبوونەوەکانی تایبەت بە ئایینی یارسان بەشداربووە.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێڕای دەربڕینی خەم وپەژارەی خۆمان بۆ کۆچیدوایی مامۆستا ” خوسرەو مورادی” سەرخۆشیی لە بنەماڵەی بەڕێزیان وسەرجەم خەڵکی کوردپەروەری کرماشان دەکەین وخۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.