یانەی هەڵگوردی پیرانشار وەک یەکەمین بەرنامەی ساڵی نوێ لە وەرزی سەوزدا، بە مەبەستی هاندانی بنەماڵەکان و هاووڵاتیان بۆ وەرزشی شاخەوانی و ژینگەپارێزی، گەشتێکی بەربڵاوی بنەماڵەییان بۆ ناوچەی “خەرپاپ”ـی پیرانشار دەست پێکرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو لە کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە، ڕۆژی هەینی ٢٠ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی، بەئامادەبوونی زیاتر لە ١٧٠کەس، لە پارکی خەییامی شار بەرەوە گوندی تازەقەڵا دەستی پێکرد و دوای گەیشتنیان بە گوندی تازەقەڵا، لەلایەن بەڕێوەبەری گەشتەکە کۆبوونەوەیەک لەسەر بەڕێوەبەردنی بەرنامەکە و چەند خاڵێکی گرینگ لەسەر چۆنییەتی بەڕێوەچوونی ئەو گەشتە و گرینگیدان بە دیسیپلینی شاخەوانی و ژینگەیی بۆ ئامادەبوان بەڕێوەچوو.
دوای کۆبوونەوەکە بەرەوە ناوچەی “خەرپاپ” بەڕێ کەوتن و بە تێپەڕین لە دۆڵی سەرسەوز و سەرنجڕاکێشی ئاسنگران، بەرەو دیوی خەرپاپ ڕۆیشتن، کە لە وەرزی بەهاردا جوانی و دیمەنی کوردستان زۆر سەرنجراکێش و ڕازاوەیە، هەربۆیە لەو گەشتەدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە پێویستە ژینگەی کوردستان بپارێزرێت و بەردەوام گرینگی بە ژینگەی کوردستان بدرێ.
لە درێژەی ئەو چالاکییەدا چەند بڕگەیەکی هونەری و کێبڕکێ بەڕێوەچوو، بەشدار بووان بەسەر دو بەشدا دابەش بوو بۆ کێبڕکێی گوریس ڕاکێشان و هەروەها لە بڕگەیەکی دیکەی گەشتەکەدا گۆرانییەک بە دەنگی “تەها ڕەسووڵیانپوور” پێشکەش بە بەشداربووان کرا و لە کۆتاییدا بە سروودی “خوایە وەتەن ئاوا کەی” کۆتایی بە بەرنامەکە ها کە بەمەبەستی وەزرشی شاخەوانی و ژینگەپارێزیی پێکهێنرابوو.