بەهۆی داڕمانی ئابووریی ڕێژیمی ئێرانەوە نیوەی کانگاکانی ئێران داخراوە و خەڵکێکی زۆر بێکار بوونەوە و کاریگەری لەسەر بژێوی خەڵک داناوە.
بەهرام شەکووری، بەرپرسی کۆمیسیۆنی کانگا و پیشەی کانگایی ژووری بازرگانی ڕێژیمی ئێران، بەئاماژە بە چالاکیی کانگاکانی ئێران وتی: لانیکەم نیوەی کانگاکانی ئێران بەهۆی داڕمانی ئابوورییەوە داخراون.
ناوبراو هەروەها وتی: زیاتر لە ١١هەزار کانگا لە وڵاتدا بوونی هەیە، کە تەنیا ٦هەزار کانگا چالاکن؛ هەروەها تەنیا سەدا٥ی پانتایی وڵات لەبەردەستی چالاکانی بواری کانگا دایە کە ئەویش سەدا ٥٠ی داخراون.
ناوبراو لەبارەی پانتایی کانگاکانی وڵات و ئاستی چالاکییە کانگاییەکان وتی: سەدا ٩٨ی کانگاکانی ئێران لە کانگا چووکە و مامناوەندەکان پێکهاتوون کە سەرچاوەی دارایی زۆریان نییە و بەشێکی زۆری کە داخراون، کانگای بەردی جوانکارین کە تەواوی ئەوانە کانگای چووکە و مامناوەندن.
شەکووری لە درێژەدا لەبارەی کێشەکانی هەنووکەیی کانگاکان و پیشەی کانگایی و هۆکاری داخرانیان وتی: گرینگترین هۆکار کێشەی ماڵییە، بانکەکان هاوکاریی ناکەن و بەڵگەنامەی وەبەرهێنەری کانگاکان وەکوو کەفالەت قەبووڵ ناکەن و لەلایەکی دیکەشەوە نرخی سوودی بانکی زۆر لەسەرەوەیە، لە ئاکامدا بەو شێوەیە ناتوانین کانگاکان بخەینەوە کار؛ بەشێکی دیکەی کێشەکانیش دەگەڕێتەوە بۆ گەمارۆکان، وەکوو هاورەدکردنی ئامێرەکانی کانگا کە لە ئێستادا بەهۆی نرخی وەرووی دۆلار، زۆر گرانن و حکوومەتیش هیچ گرینگییەک بەو بوارە نادا.