ڕاوێژکاری پێشووی مەحموود ئەحمەدینەژاد دەڵێ: ئەحمەدینەژاد لە سەر ئەو باوەڕیە بە مردنی عەلی خامنەیی، کۆماری ئیسلامی و دەسەڵاتەکەی لەبەر یەک هەڵدەوەشێتەوە.
عەبدوڵڕەزا داوەری، ڕاوێژکاری پێشووی ئەحمەدینەژاد ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە وتووێژێکدا کە لە ماڵپەڕی “عەسری ئێران”دا بڵاو کراوەتەوە وتی:” ئەحمەدینەژاد سەرۆککۆماری پێشووی ئێران، یەکێک لەو هەواڵانەی کە بەردەوام بەدواداچوونی بۆ دەکا دۆخی تەندروستی خامنەییە و دەڵێ: لە دوای مردنی ناوبراو کۆماری ئیسلامی لەبەریەک هەڵدەوەشێتەوە”.
داوەری ئەوەشی خستەڕوو کە ئەحمەدینەژاد، وەک دووهەم هۆکار پێشوازی لە هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەکا و دەڵێ: ئەگەر ئەمریکا هێرش بکاتە سەر ئێران و ژێرخانەکانی ئێران بکاتە ئامانج، ئاو و کارەبا ببڕێ، ئەوە دەبێتە خاڵی دەسپێکی هەڵوەشانی کۆماری ئیسلامی.
عەبدولڕەزا داوەری، لە زمان ئەحمەدینەژادەوە دەڵێ: سێیەم هۆکاری لەبەریەک هەڵوەشانەوەی کۆماری ئیسلامی ئاڵوزییە کۆمەڵایەتییەکانە و هیوادارە لە ئەگەری هەڵوەشانەوەی کۆماری ئیسلامی و بە پشتیوانی وڵاتانی دەرەکی ببێتە ئاڵاهەڵگری گۆرانکاریی سیاسی لە ئێراندا.
مەحموود ئەحمەدینەژاد کە ئێستا ئەندامی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ڕێژیمە و بەهۆی کردەوەکانی دەوڵەتەکەی لە سەردەمی سەرۆککۆماریی لە ساڵەکانی ٨٤تا ٩٢ی هەتاوی، بەوتەی ڕەخنەگران بە گەندەڵی کردن، تاڵانکردنی بەربڵاوی سەرچاوە داراییەکان، سەرکوتکردنی توندی دژبەران و سەرپێچی و فێڵ و تەڵەکە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٨٨ی هەتاوی، دەناسرێتەوە و لەو ساڵانەی دواییدا بەڕواڵەت بووە بە ڕەخنەگری سیاسیی ئێران.