دووهاووڵاتیی خەڵکی شارەکانی شنۆ و دێهلۆڕان لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کران.
لە درێژەی دەسبەرکرانی هاووڵاتیانی کورد لە شار و گوندەکانی ئێران، لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی، هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندی “گوندەوێڵە”ی شنۆ بە ناوی “سەلاح بەهرامیان” لەلایەن هیزەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە و سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکەی هیچ زانیارییەک لە هۆکاری دەسبەسەرکردن و شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو لە بەردەستدا نییە.
لەلایەکیی دیکەوە و بەپێی راپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، هاووڵاتییەکی خەڵکی شارۆچکەی پاڵە سەر بە شاری دێهلۆڕان، لە پارێزگای ئیلام بە ناوی” ستار کەریمی” لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کرا.
بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی، هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم لە شارۆچکەی پەهلە، ناوەندی بەخشی “زەڕین ئاوا” سەر بە شاری دێهلۆڕان، هەڵیانکوتایە سەر ماڵی ستار کەریمی و بەتۆمەتی هاوکاریکردنی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری رێژیم ناوبراویان دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستۆتەوە.