ئیسرائیل لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە
ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ئیسرائیل دەڵێن: ڕێژیمی ئێران لە ڕێگەی ئینستاگرامی دروستکراوە هەوڵ دەدا هاووڵاتییانی ئیسرائیل بڕفێنێ.
ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی، ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ئیسرائیل ڕایانگەیاند کە کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەکەڵک وەرگرتنی نەشیاو لە تۆڕی کۆمەڵایەتی “ئینستاگرام” و لە ڕێگەی ئەکاونتی ساختە و بێ بنەما هەوڵ دەدا کە بە فێڵ هاووڵاتییانی ئیسرائیل ڕابکێشێ بۆ دەرەوەی ئەو وڵاتە و دواتر بیانڕفێنێت یان تێرۆریان بکا.
ئەم ئیدیعایەی ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ئیسرائیل، لە حاڵێکدایە کە کۆماری ئیسلامی دوای ڕووداوی دامەزراوەکانی ناوکیی نەتەنز، هەڕەشەی تۆڵە سەندنەوەی لە ئیسرائیل کرد و بەشێک لە بەرپرسانی ڕێژیم ئاماژەیان بەوە کردووە کە، ڕووداوەکەی نەتەز کاری ئیسرائیل بووە و بە هەر شێوەیەک بێ تۆڵەی دەکەینە، ئەگەر لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشەوە بێ.
ئیدارەی ئەمنییەتی ناوخۆیی ئیسرائیل “شین بێت”، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: بە هاوکاری لەگەڵ ئیدارەی ئەمنییەتی دەرەوەی ئیسرائیل “مووساد” ڕێوشوێنی دەستوپێوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیمان ئاشکرا کرد، کە دەیانهەوێ بە کەڵک وەرگرتن لە ئینستاگرامی ساختە و دروستکراو بەناوی ژنانەوە کە بەرواڵەت لە بواری ئابووری و گەشتوگوزار چالاکیی دەکەن، هاووڵاتییانی ئیسرائیل بخەنە داوی خۆیانەوە و بیانڕفێنن و دواتر ئەو کردەوەیە بکەنە هەڕەشە بۆ سەر وڵاتەکەمان.