یەکیەتیی ئورووپا، سەرەڕای سەپاندنی گەمارۆی نوێ بەسەر بەرپرسانی ڕێژیمی ئێراندا بڕیاری درێژکردنەوی گەمارۆکانی سەر ڕێژیمی ئێرانی، لەهەمبەر پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران، تا ساڵی ٢٠٢٢ی زایینی دەرکرد.
ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی، یەکیەتیی ئورووپا، گەمارۆکانی سەر ٨٩ کەس و ٤ ڕێکخراوی ئێرانی بەهۆی پێشێلکردنی مافی مروڤ لە ئێران، بۆ ماوەی ساڵێکی دیکە درێژ کردەوە.
هەروەها ٨ بەرپرس و ٣ ڕێکخراوەی ڕێژیمی ئێران بەهۆی سەرکوتی دژەمرۆیی خەڵک لە ناڕەزایەتییەکانی مانگی خەزەڵوری ٩٨ی هەتاوی، وەکوو حوسێن سەلامی، فەرماندەی گشتیی سپای پاسداران، غوڵامڕەزا سولەیمانی بەرپرسی ڕێکخراوی بەسیج، حوسێن کەرەمی، فەرماندەی تیپی تایبەتی هێزە ئینتیزامییەکان، محەممەد پاکپوور، فەرماندەی هێزی زەوینی سپا، حوسێن ئەشتەری، فەرماندەی هێزە ئێنتیزامییەکان و حەسەن شاهوارپوور، فەرماندەی سپای خووزستان، کە لە کوشتنی خەڵکی بێتاوانی ماهشەهر دەوری سەرەکیی هەبووە لەلایەن یەکیەتیی ئورووپاوە گەمارۆیان خرایەسەر.
بەپێی ئەو گەمارۆگەلە هەموو داراییەکانی ئەو کەس و ڕێکخراوانە لەلایەن یەکیەتیی ئورووپاوە بلۆکە دەکرێ و ئیزنی بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی یەکیەتیی ئورووپا بەو کەسانە نادرێ.
هەروەها فرۆشتنی ئەو کەلوپەلانەی کە ڕێژیمی ئێران، بۆ سەرکوت و چاوەدێری خەڵک کەڵکی لێ وەردەگرێ لەلایەن یەکیەتیی ئورووپاوە قەدەغە کراوە.
جێگای ئاماژەیە ئەم گەمارۆگەلە لە ساڵی ٢٠١١ی زایینییەوە لەلایەن یەکیەتیی ئورووپاوە بەسەر ئێراندا سەپاوە و هەموو ساڵێک ئەو یەکیەتییە ماوەی گەمارۆکان درێژ دەکاتەوە.