سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، بە ڕەخنەگرتنی توند لەڕێژیمی ئێران، ئەو وڵاتەی بە پشتیوانی سەرەکیی تێرۆریزم لە جیهاندا ناوبرد.
بێنیامین نەتانیاهوو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و لوید ئاستین، وەزیری بەرگریی ئەمریکا، ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا، بەجەختکردنەوە لەسەر ئەوەیکە ڕێژیمی ئێران، بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ دەسپێڕاگەیشتنی بە چەکی ناوکیی وتی: ڕێژیمی ئێران گەورەترین هەڕەشەیە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان.
هەروەها نەتانیاهوو ڕایگەیاند کە ئیسرائیل، ئیزن نادات کە تاران دەستی بە چەکی ناوکیی ڕابگا و بەهەموو هێز و تونامانەوە ڕووبەڕووی دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکەدا دەبینەوە.
لەلایەکی دیکە لوید ئاستین، وەزیری بەرگریی ئەمریکا، بەجەختکردنەوە لە هەمبەر گرینگی پێوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتی ئەمریکا و ئیسرائیل وتی: ئێمە بەهەموو هێزمانەوە ئاسایشی وڵاتی ئێسرائیل دەپارێزین و بۆ پێشکەوتن و سەرکەوتنی ئیسرائیل لە بواری سەربازیدا هەموو هەوڵێکی خۆمان دەدەین.