عومەر فەقێ پوور، بەندکراوی سیاسیی کورد، پاش ٢١ ساڵ بەندکران لە بەندیخانەی ورمێ ئازاد کرا.
بەپێی هەواڵی چاونیوز،رۆژی دووشەممە ٢٣ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی، عومەر فەقێ پوور، زیندانیی سیاسیی کورد پاش ٢١ ساڵ زیندان، لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرا.
عومەر فەقێپوور و خالید فەرەیدوونی، ڕێکەوتی١٠ی خەرمانانی ١٣٧٩ی هەتاوی، لە یەکێک لە گوندەکانی پیرانشار لەلایەن سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر کران و لە دادگای ئینقلابی مەهاباد بە تۆمەتی “دژایەتیکردن لەگەڵ خودا (محاربە)”، لە ڕێگەی ئەندامبوون لە حیزبی دێموکرات، بە ئێعدام مەحکووم کران کە ئەو حوکمە لە ساڵی٨٤ی هەتاوی، لە دادگای پێداچوونەوەدا، بۆ زیندانی هەتاهەتایی کەم کرایەوە.
ئەو دوو زیندانییە سیاسییە ساڵی ١٣٨٣ی هەتاوی، لە زیندانی مەهاباد بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ دوورخرانەوە و هەروەها لە ساڵی ١٣٨٦دا، بۆ زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج دوور خرانەوە.
ئەو دوو زیندانییە سیاسییە، پاش ١٠ ساڵ دوورخرانەوە لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج، مانگی خەزەڵوەری ٩٦، بۆ زیندانی ورمێ ڕاگوێزرابوون.