دوو هاوڵاتیی خەڵکی پاوە و کرماشان لەلایەن دادگای ئینقلابی کرماشانەوە بە تۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕێژیم بە ١٣ ساڵ بەندکران حوکمدران.
بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵ جەلال نامداری خەڵکی کرماشان بە تۆمەتی هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی و هاندانی خەڵک لە کۆبوونەوە نارەزایەتییەکانی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاوی و ئەندامبوون لە حیزبێکی کوردی دژبەری ڕێژیم بە ٨ ساڵ بەندکران حوکمدرا.
هەروەها “سەعید خالیدی”، خەڵکی گوندی ساتیار سەر بە باینگانی پاوە بە تۆمەتی هەوڵدان دژی ئاسایشی نەوتەوەیی لە ڕێگەی ئەندامبوون لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕێژیمی ئێران”، حوکمی ٥ ساڵ زیندانی بە سەر داسەپا.
جەلال نامداری مانگی بەفرانباری ٩٩، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی کرماشانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگەکانی ئیدراەی ئیتلاعاتی ئەو شارە کرابوو و پاش کۆتایی قۆناغی لێپرسینەوەکەی بۆ زیندانی کرماشان ڕاگوێزرایەوە.
هەروەها سەعید خالیدی مانگی ڕێبەندانی ٩٩، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش کۆتایی لێپرسینەوەکەی بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتیی ئازاد کرابوو.