فەرماندەی ئەرتەشی ئیسرائیل، پاش هەڕەشەکانی تاران، لەهەمبەر تۆڵەکردنەوەی ڕووداوەکەی دامەزراوەی ناوکیی نەتەنز و تەقاندنەوەی کەشتی ساویز، هەڕەشەی هێرشی سەربازیی لە ئێران دەکا.
فەرماندە سەربازییەکانی ئیسرائیل، هۆشداریان بە ئێراندا کە لە ئەگەری کاردانەوە، هێرشی سەربازیی دەکەنە سەر ئێران و ئاڤیۆ کۆخاوی بەرپرسی گشتیی ئەرتەشی ئیسرائیل وتی: ئیسرائیل ئامادەیە لەگەڵ ئێراندا بچێتە نێو شەڕێکی گەورەتر وجیددیترەوە.
کۆخاوی هەروەها ڕایگەیاند کە لەپێش چاوی دوژمنان و نەیارەکانمانەوە لە ناوچەکەدا ئامانجەکانی خۆمان بەرەو پێش دەبەین و دوژمن زۆر بە باشی لە توانا وهێزی ئەرتەشی ئیسرائیل ئاگادارە، ئەرتەشی ئیسرائیل زۆر بە وشیاری و وردبینییەوە هەنگاوەکانی بەدژی ڕێژیمی ئێران هەڵدينێتەوە.
ناوبراو لە کۆبوونەوەیەکیی سەربازییدا لەگەڵ ئەرتەشی ئیسرائیل وتی: بەهاوکاریی و لەخۆبردوویی ئێوە سەربازان و ئەفسەرانی ئەرتەشی ئیسرائیل، دەوڵەتی ئیسرائیل بە هەموو هێز و توانایەوە ڕووبەڕووی نەیاران ودوژمنەکانی لە ناوچەکەدا دەبێتەوە و هیچ وڵاتێک ناتوانی مەترسی بخاتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل.