بەڕێوەبەری کۆمیسیۆنی ئەسڵی ٩٠ی مەجلیس: هاوکاریکردنی چین بۆ کۆنترۆڵکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پێویستە و دەبێ ئەنجام بدری.
لە نوێترین بابەتی گرێبەستی ٢٥ ساڵەی نێوان ئێران و چین، بەڕێوەبەری کۆمیسیۆنی ئەسڵی ٩٠ی مەجلیسی ڕیژیم، دانی بە هاوکاریکردنی چین بۆ کۆنتڕۆڵکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا نا.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی “مێهر” مەحموود نەبەویان، بەڕێوەبەری کۆمیسیۆنی ئەسڵی ٩٠ی مەجلیس، ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە وتووێژ لەگەڵ ئەو هەواڵدەریە ڕایگەیاند کە کۆنتڕۆڵکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە دەستی ئێمەدا نییە و کارێکی هاسان نییە و دەسەڵاتەکەی لە دەستی ئێمەدا نەماوە.
نەبەویان بە ئاشکرا دانی بەوەدانا کە بۆ ئێمە شیاوی گرینگی پێدانە کە بە هاوکاریی “چین” بتوانین دەسەڵاتمان بە سەر تؤرە کۆمەڵایەتییەکانەوە بێ و چاوەدێری بکەین.
لە ڕوانگەی کارناسانی میدیایی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئێران، ئەو قسانەی نەبەویان نیشاندەری پەیوەستبوونی نیزامی ئێران بە سیستمی سایبری تەواو پاوانخوازیی چین، کە سالانێکە لە هەوڵی ئەوەدایە دەسەڵاتی تەواوی بە سەر جەماوەری دەیان میلیونیی بەکارهێنەرانی ئینترنێتی لە ئێران و وڵاتانی دیکەدا ببێ و ئامانجی سەرەکیی چین لە شەبەکەی مخابەراتی “جی ٥”ـە بۆ ئەوەی دەسەڵاتی سایبری بە سەر تەواوی وڵاتاندا هەبێ کە لەو تێکنۆلۆژییە کەڵک وەردەگرن و بە هاوکارییەکانی ڕێژیمی ئێران چین لەو ڕاستایەدا دەستی بە سەر تەواوی بەکارهێنەرانی ئینترنێتی ئێران ڕادەگا و ڕیژیمی ئێران بۆ سەرکوتی تەواوی ناڕەزایەتییەکان کەڵک لە هاوکاریی چین وەردەگرێ.
جێی ئاماژەیە کە ئەمریکا و بریتانیا لەو وڵاتانەن کە دژایەتی لە سیستمی مخابەراتی “جی ٥”ی، چین دەکەن و بە هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی سایبری خۆیانی دەزانن.