ژێنراڵ دەیوید پێترایۆس: هەموو ڕێکار وپڕۆژەکان بۆ پێشگرتن لە ڕێژیمی ئێران لە دەسپیڕاگەیشتنی ئەو ڕێژیمە بەچەکی ناوکیی لە بەردەستماندایە.
بەرپرسی پێشووی ڕێکخراوی “سیا”ی ئەمریکا لە وتووێژێکدا لەگەڵ بەرنامەیەکی کاناڵی ئەلعەرەبییە، سەرەڕای جەختکردنەوە لە سەر ئەوەیکە ڕێژیمی ئێران گەورەترین پشتیوانی تێرۆریزمە لە جیهاندا وتی: ڕێژیمی ئێران، باوەڕی بە ناردنە دەرەوەی شۆڕش، پەرەپێدان بە ناسەقامگیری و پشتیوانیکردن لە گرووپە میلیشیا تێرۆریستەکان و گەیشتن بە ئامانجە گڵاوەکانی هەیە و بەم هۆیەوە باوەڕی بە دانیشتن وگەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ناوکیی نییە.
ناوبراو لە درێژەی وتووێژەکەیدا وتی: ئەمریکا خەریکی تاوتوێکردنی ڕێککەوتنی ٢٥ ساڵەی نێوان چین وئێرانە و نێگەرانییەکانی ئەمریکا لە بەرئەوەیە کە بەهۆێ ئەم ڕێککەوتنەوە ئێران بێهەوێت گەمارۆکانی ئەمریکا دەورلێبداتەوە.
پێترایۆس، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەمریکا، خەریکی دارشتنی ستراتیژی نوێی خۆیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران و سەرۆککۆمار تیمێکی لە کارناسانی بواری ئابووری وسەربازیی بۆ دارشتنی ستراتیژییەکی بەهێز بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران پێکهێناوە.
ناوبراو هەروەها ڕایگەیاند کە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئێران بۆ ئەمریکا، زۆر گرینگە و ئێران دەتوانێ دوای هەڵبژاردنەکان تاکتیک و ستراتیژی خۆی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێژیمی ئێران بە باشی دیاریی بکا.
بەرپرسی پێشووی ڕێکخراوی سیا دەڵێ: ئەوە ڕاستە کە ڕێژیمی ئێران تا ئێستا نەگەیشتۆتە ئاستی بەرهەمهێنانی چەکی ناوکیی و دەوڵەتی ئەمریکاش ئەو ئیزنە بە ڕێژیمی ئێران نادات کە دەستی بەچەکی ناوکیی ڕابگا هەربۆیە بەردەوام بەرنامەیی هێرشی سەربازیی بەردەستماندایە و ئێران زۆربە باشیی لەوە ئاگادارە.