لەدرێژەی شەڕ و کێشەی باڵەکانی دەسەڵاتی ڕێژیمدا، سەرۆکی کۆمیسیۆنی تەندروستی، سكاڵایەکی لە دژی حەسەن ڕووحانی تۆمارکردووە.
سەرۆکی کۆمیسیۆنی تەندروستی ڕێژیم دەڵی: حەسەن ڕووحانی لە پلەی بەرپرسایەتی نەتەوەیی بەرگریی لە کۆرۆنا، بەنیسبەت پێشگرتن لە سەفەرەکانی نەورۆزی کەمکاریی کردووە و ئەو دۆخە کارەساتبارە کە هاتووەتە ئاراوە هۆکارەکەی سەرۆک کۆمارە.
حوسێنعەلی شەهریاری، سەرۆکی کۆمیسیۆنی تەندروستیی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران، لە درێژەی ململانێکانی نێوان بەرپرسانی ڕێژیم لەهەمبەر ناکارامەییەکانیان لە کاروبار و زیانگەیاندنیان بە هاووڵاتیان، نامەیەکی سەرئاواڵەی بۆ سەرۆکی “دەزگای قەزایی” ڕێژیم ناردووە و ئاماژەی بە ئاماری کارەساتباری کۆرۆنا لە ئێراندا کردووە و داوا دەکا کە، کەمکارییەکانی “حەسەن ڕووحانی” پشتگوێ نەخەن، کە ناوبراو هۆکار بوو بۆ تەشەنەسەندنی پەتای کۆرۆنا.
ناوبراو لەو نامەیەدا، دۆخی ئێستای کۆرۆنای لە ئێران وەکوو “سۆنامی نەورۆز” ناو هێناوە و داوا دەکا کە بە جیددی لێکۆڵینەوە لە پێڕانەگەیشتنی حەسەن ڕووحانی بکەن کە بە قەدەغەنەکردنی هاتووچۆی نەورۆزیی بووە هۆی تەشەنە سەندنی پەتای کۆرۆنا و دۆخی کۆرۆنا لە ئێران بەڕادەیەک ئاڵۆزە کە ئەگەر لە تەواوی شارەکانیش قەدەغەی هاتوچۆ ڕابگەیەندرێ تازە هیچمان پێ ناکرێ.