ئیسرائیل لە هێرشێکی “سایبێری”دا دامەزراوەی ناوکیی “نەتەنز”ی کردە ئامانج.
سەرچاوە هەواڵییەکانی ئێسرائیل، لە ڕاپۆرتێکدا ڕایانگەیاند کە ڕووداوی بەرە بەیانی ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە دامەزراوەی ناوکیی نەتەنز، ئاکامی هێرشێکی سایبێریی ئیسرائیل بووە و بەپێچەوانەی لێدوانەکانی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، زەرەر و زیانێکی زۆر بەر ئەو دامەزراوە ناوکییە کەوتووە.
هەرلەم پێوەندییەدا ڕۆژنامەی “جێروزالم پۆست”ی ئێسرائیلی نووسیویە کە ڕووداوی دامەزراوەی ناوکیی نەتەنز، ئاکامی هێرشی سایبێری ئیسرائیل بووە و هەروەها کاناڵی دەوڵەتیی “کان”ی ئێسرائیل ئەم هەواڵەی پشتڕاست کردۆتەوە و ڕایگەیاندوە کە زەرەر و زیانێکی گەورە وەبەر دامەزراوەی ناوکیی نەتەنز کەوتووە.
شایانی باسە کە ئەم هێرشە لە کاتێکدا کراوە کە لوید ئاستین، وەزیری بەرگریی ئەمریکا، ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی، بەمەبەستی چاوپێکەوتن و وتووێژ لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیلی سەبارەت بە بەرنامەی ناوکیی ئێران و دەستێوەردانەکانی ئەو ڕێژیمە لە ناوچەکەدا سەردانی ئیسرائیلی کردووە.
لەلایەکی دیکەوە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بێنیامین نەتانیاهوو، لە حەوتووی ڕابردوودا چەندین جار ڕایگەیاندبوو کە ئیسرائیل لەهەمبەر هەڕەشەکانی ئێران بەرگریی لە وڵاتەکەی دەکا و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئیسرائیل ڕووبەڕووی هەموو هەوڵەکانی ئێران، بۆ دەستێوەردان لە ناوچەکە و گەیشتنی بە چەکی ناوکیی دەبێتەوە.