ئەندامێکی لەمێژینە و دڵسۆزی حیزبی دێموکراتی کوردستان و خوشکی شەهیدێکی ڕێگای ڕزگاری کوردستان کۆچی دوایی کرد
ڕۆژی ھەینی ٢٠ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی، خاتوو “نازدار مەحموودزادە” ئەندامی دڵسۆزی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان و هاوسەری فەرماندەی کۆچکردووی حیزب “مەلابرایم دۆڵەگەرمی”، لە تەمەنی ٧٤ ساڵی و بەهۆی وەستانی دڵ، لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری “ئۆرێبرۆ”ی وڵاتی سوئێد کۆچی دوایی کرد.
خاتوو “نازدار مەحموودزادە” کچی کوێخا “حوسێنی قووڵەسوێروێ” و خوشکی شەهیدی رێگای رزگاری کوردستان شەهید “محەممەد محمودزادە”، ساڵی ١٩٤٧ی زایینی لە گوندی “قووڵەسوێروێ” سەر بە ناوچەی “بڵفەت”ی سەردەشت لە بنەماڵەیەکی کوردپەروەر و دێموکراتدا چاوی بە ژیان هەڵێنا و دواتر لەگەڵ فەرماندە و خەباتکاری دێرین و نەسرەوتی رێگای کوردایەتی کاک “مەلابرایم مەسڵەحەت” ناسراو بە “مەلا برایمی دۆڵەگەرمی” ژیانی هاوبەشی پێک هێناو ساڵانێکی دوورودرێژ لە هەموو قۆناغەکانی ژیان و خەباتدا یاری وەفادار و پشتیوانی بوو .
بنەماڵەی کوێخا “حوسێنی قووڵەسوێروێ” یەکێک لەو بنەماڵە بە ناوبانگانەی ناوچەی “سەردەشت”-ن کە بە پێشکەشکردنی شەهید و بریندار و کەسی دیار لەنێو ریزەکانی خەبات حیزبی دێموکراتدا، خزمەتیان بە گەڵ و نیشتمان کردووە .
خاتوو “نازدار” بە هەستکردنی بە بەرپرسایەتی لە هەمبەر نەتەوەکەی و لەسەر ڕێبازی باب و باپیرانی و لە ژێر ڕێنوێنییەکانی هاوسەری کۆچکردووی، تاکوو کۆتاهەناسەکانی ژیانی ئەندامێکی دڵسۆزی حیزبی دێموکراتی کوردستان و یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستان بوو و وەفادار بە ڕێبازی پڕ لە سەروەریی شەهیدان مایەوە و دڵسۆزانە لە خزمەت حیزب و نەتەوەکەیدا بوو.
بەم بۆنەوە ناوەندی راگەیاندنی حیزبی دێموکراستی کوردستان، پرسە و سەرەخۆشی خۆی پێشکەش بە بنەماڵەی بەڕێزی “مەحموودزادە”، “مەسڵەحەت” و هەموو خزم و کەسوکاری و ئازیزانیان لە دەرەوە و نێوخۆی وڵات دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێ.