هێزەچەکدارەکانی میانمار لە شاری باگۆ هێرشیان کردە سەر خەڵکی ناڕازی و ٨٠کەس لە خەڵکی ناڕازییان بە تەقەی ڕاستەوخۆ کوشت.
هێزەچەکدارەکانی میانمار، لە شاری باگۆ لە نزیک یانگۆن، بەتەقەی ڕاستەوخۆ ٨٠کەس لە خەڵکی ناڕازییان کوشت ولەلایەکی دیکەوە لە دادگایەکی سەربازییدا، ١٩کەس لە خەڵکی ناڕازیی بە تۆمەتی کوشتنی کەسێکی سەربازیی، سزای سێدارەیان بەسەردا سەپا.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، ڕۆژی شەممە ٢١ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی، بەهۆی گەمارۆدانی شاری باگۆ لەلایەن هیزەچەکدارەکانەوە و تەقەکردنی ڕاستەوخۆ ئاماری کوژراوانی خۆپیشاندانە ناڕەزایەتییەکانی خەڵک گەیشتە ٨٢کەس.
لەلایەکی دیکەوە ئەنجومەنی یارمەتی بە بەندکراوانی سیاسیی میانمار لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاند کە لە کاتی دەسپێکردنی ناڕەزایەتییەکانەوە تائێستا زیاتر لە ٥٥٧کەس لە خەڵکی ناڕازی میانمار لە خۆپیشاندانە ناڕەزایەتییەکاندا بەتەقەی هێزە چەکدارەکان کوژراون، کە ٤٦کەس لە کوژراوان مێرمنداڵن.
هەرلەم پێوەندییەدا و بەکاردانەوە بەکوشتنی خەڵکی ناڕازی لەلایەن هێزەچەکدارەکانی میانمارەوە، ئەمریکا ڕێککەوتنی بازرگانیی خۆی تاکاتی هەڵبژاردنێکی دێموکراتیک لەگەڵ ئەو وڵاتە هەڵپەساردوە و وڵاتانی فەرانسە وبریتانیا، بەتوندی سەرکوتی خەڵکی ناڕازییان لە لایەن دەوڵەتی میانمارەوە مەحکووم کردووە و داوای دانیشتنی بەپەلەی شۆرای ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆکۆتایی هێنان بە سەرکوتی خەڵکی ناڕازی لە میانماریان کردووە.