فائیزە هاشمی ڕەفسەنجانی، نوێنەری پێشووی مەجلیسی ئێران، ڕەخنەی توند لە سیاسەتەکانی ئێستای بەرپرسانی ئێران بە تایبەت لە وتووێژ لەگەڵ ئەمریکا دەگرێ.
ڕۆژی هەینی ٢٠ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی، فائیزە هاشمی، لە وتوێژێکی تایبەت لەگەڵ ماڵپەڕی ئینساف نیوز، بە ڕەخنەگرتن لە سیاسەتی ئیستای بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران وتی: بۆچی نابێ ئێران پێوەندییەکیی باشی لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی ئورووپایی هەبێ.
ناوبراو لە درێژەی وتووێژەکەیدا وتی: ئەگەر ئێران دەیهەوێت ئەمریکا بگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنی ناوکیی دەبێ ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکادا وتووێژ بکا.
فائیزە بە ئاماژە بە پێشینەی وتووێژەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا وتی: لە کاتێکدا ئێران، لەسەر وڵاتانی عێراق و ئەفغانستان لەگەڵ ئەمریکادا وتووێژی کردووە بۆچی نابێ لەهەمبەر کێشەکانی خویدا لەگەڵ ئەمریکا وتووێژ بکا.
ناوبراو لەهەمبەر وتوێژەکانی ویەن دەڵێ: نوێنەرانی ئێران لە ویەن لە هۆتێلێکن و ئەمریکاییەکان لە هۆتێلێکی دیکە بەرپرسی یەکیەتی ئورووپا دەبێ گوێ لە قسەکانی ئێمە بگرێ و دواتر بڕواتە هۆتێلێکی دیکە و قسەکانی ئێمە بە ئەمریکاییەکان ڕابگەینێ، بە باوەڕی ئێوە ئەمجۆرە وتووێژە گاڵتەجاڕیی نییە.