باڵوێزی ئیسرائیل لە ڕێکخراوی نەتەوەکان: ئێران چەند مووشەکی بە توانایی کڵاوەی ناوکیی تاقیکردۆتەوە.
ڕۆژی هەینی ٢٠ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی، “گیلعاد ئەردان” باڵوێزی ئیسرائیل لە ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان باسی لە تاقیکردنەوەی مووشەکی بالستیک بە توانایی کڵاوەی ناوکیی لەلایەن سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانەوە کرد و ئەو هەنگاوەی بە پێشێلکردنی ڕێککەوتنی ناوکیی ساڵی ٢٠١٥ و هەروەها پێشێلکردنی بڕیارنامەی ٢٢٣١ی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دانا و وتی کە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا هەوڵی تاقیکردنەوەی مووشەکی بالستیکی بە توانایی کڵاوەی ناوکیی داوە و ئەو تاقیکردنەوەی ئەنجام داوە”.
هێنانە بەرباسی ئەو بابەتە لەلایەن باڵوێزی ئیسرائیل لە کاتێکدایە کە وڵاتانی بەشدار لە ڕێککەوتنی ناوکیی ساڵی ٢٠١٥ وتوێژەکانی خۆیان لە سەر گەڕانەوە بۆ بەرجام، دەست پێکردووە و بەتایبەت ڕێژیمی ئێرانیان ناچار کردووە بە پێبەندبوونی بەڵێنییە ناوکییەکان.
“ئەردان” لەو پیوەندییەدا چەند بەڵگەی خستە بەردەم ڕێکخراوی نەتەوەکان، کە لە ڕۆژی ٢٠ی خاکەلێوە لە ماڵپەڕی “ئیسرائیلی ئەمڕۆ”دا، بڵاو کرابۆوە.
جێی ئاماژەیە “گیلعاد ئەردان” لە نامەیەکدا بۆ شۆرای ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەروەها بۆ “ئانتۆنیۆ گووترێش” بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، داوای لێکردن کە پێش بە چالاکیی مووشەکیی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بگرن.