بەردەوامیی دەمەقاڵەی نێوان نوینەرانی مەجلیس و وەزیری نێوخی ڕێژیم
ئەحمەد عەلیڕەزا بەیگی، نوێنەری تەورێز لە مەجلیسی ئێران دەڵێ ڕشتنی خوێنی خەڵکی ناڕازیی لە ناڕەزایەتییەکاندا بڕیارێکی درووست نییە و دەبێ وەزیری نێوخۆ لێپرسینەوەی لێبکرێ.
ئەحمەد عەلیڕەزا بەیگی، نوێنەری مەجلیسی ئێران، لەهەمبەر کوژرانی خەڵکی بێتاوانی ئێران لە ناڕەزایەتییە خەڵکییەکانی مانگی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاویدا دەڵێ: کاتێک کە لە “عەبدوڵڕەزا ڕەحمانی فەزڵی” وەزیری نێوخۆ لە هەمبەر کوشتنی خەڵکی بێتاوان لە ناڕەزایەتییە گشتییەکاندا بەدەستی هیزە چەکدارەکان پرسیارمان کردووە، وەزیری نێوخۆ بە گاڵتەوە وتوویە خۆ تەنیا تەقەمان لە سەری خەڵکی ناڕازی نەکردووە، تەقەمان لە لاق و کەمەری ئەو خەڵکەش کردووە.
شایانی باسە کە چەند ڕۆژ پێش ٦٠ کەس لە نوێنەرانی مەجلیسی ئێران لە نامەیەکدا ڕایانگەیاند کە عەبدولڕەزا ڕەحمانی فەزڵی، وەزیری نێوخۆی ڕێژیم، دەستی بە خوێنی خەڵکی ناڕازیی لە ناڕەزایەتییە گشتییەکانی مانگی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاویدا سوورە و دەبێ لێپرسینەوەی لێبکرێ.