هەواڵدەریی ئەمریکایی ئاسۆ شەیتێد پرێس، لە ڕاپۆرتێکدا هێرشی ئێسرائیلی بۆ سەر کەشتیی “ساویز”ی ئێرانی لە دەریای سووردا بە زەربەلێدان لە نمایشی هێز و توانایی ڕێژیمی ئێران لە وڵاتی یەمەن ناوبرد.
ڕۆژی هەینی ٢٠ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی، هەواڵدەریی ئاسۆ شێتێد پرێس، بەپێچەوانەی لێدوانەکانی بەرپرسانی رێژیمی ئێران کە وتبوویان خەسارەتی گەیشتوو بە کەشتی ساویز زۆرکەمە لە راپۆرتێکدا ئەو هەواڵدەرییە ڕایگەیاند کە ئەو زەرەر و زیانانەی کە بەر ئەو کەشتییە کەوتووە زۆر قورسە و کەشتییەکەی بەتەواویی لە کار خستووە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە هێرش بۆ سەر کەشتیی ساویز لە دەریای سووردا یەکێکە لە بەهێزترین هێرشەکانی ئیسرائیل لەماوەی ڕابردوودا بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ڕێژیمی ئێران.
سەرچاوەیەکی سەربازیی ئیسرائیل، لەهەمبەر هێرش بۆ سەر کەشتیی ساویز بە هەواڵدەرییەکانی ڕاگەیاندووە کە ئەم هێرشە بە تۆڵەی هێرشەکانی رێژیمی ئێرانە بۆ سەر دووکەشتییە ئیسرائیلییەکە و هەموو جموجوڵەسەربازییەکانی ئێران لە ژێرچاوەدێری وردی ئێمەدایە و ئەگەر بیهەوێت هێڕش بکاتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل ئێمە بەتوندترین شێوە وڵامی سەربازیی دەدەینەوە.
شایانی باسە کە شارەزایانی سیاسیی پێیانوایە کە ئەم هێرشەی ئیسرائیل پەیامێکیشە بۆ ئەمریکا و ئورووپا کە ڕێککەوتنێکی لاواز لە گەڵ ئێراندا دەبێتە هۆی ئەوەیکە ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران.