٣٠٠کەس لە کەسایەتییە ئاکادێمیک، لێکۆڵەر و پسپۆڕە ئێرانییەکانی دانیشتووی ئەمریکا لە نامەیەکدا داوایان لە جۆبایدێن کرد کە سیاسەتێکی دروستی لەهەمبەر ڕێژیمی ئێران هەبێ و پشتیوانیی لە خەڵک بۆ گەیشتن بە دێموکراسی بکا.
زیاتر لە ٣٠٠کەسایەتیی ئاکادێمیک، لێکۆڵەر و پسپۆڕی ئێرانیی دانیشتووی ئەمریکا، ڕۆژی پێنجشەممە ١٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە نامەیەکدا بۆ جۆ بایدێن سەرۆککۆماری ئەمریکا، سەرەڕای ئاماژە بەوەیکە بڕیارە درووستەکانی ئەمریکا، پێش لە پێشێلکارییەکانی ڕێژیمی ئێران لەهەمبەرپێشێلکردنی مافی مرۆڤ و پشتیوانی کردنی ئەو ڕێژیمە لە گرووپە تێرۆریستەکان لە جیهاندا دەگرێ، نووسیویانە دەوڵەتی ئەمریکا دەبێ پشتیوانیی خۆی لە خەڵکی ئێران بۆ گەیشتن و دابینکردنی کۆمارێکی دێموکراتیک، سکولار و دوور لە چەکی ناوکیی ڕابگەیێنێ.
لەم نامەیەدا کە واژۆی کۆمەڵێک لە پسپۆڕانی پزیشکی، لێکۆڵەران، بەرپرسان و مودیرانی پیشەسازی و خاوەنکارە ئێرانییەکانی دانیشتووی ئەمریکای لەسەرە هاتووە کە دزی و گەندەڵی و دەسبەسەرداگرتنی سەروەت و سامانی وڵات لەلایەن خامنەیی و سپای پاسدارانەوە هۆکاری سەرەکیی داڕمانی ئابووریی ئێرانن و ڕۆژبەڕۆژ دۆخی ئابووری ئێران بەرەو داڕمان دەچێ.
واژۆکەرانی ئەوە نامەیە جەختیان لەسەر ئەوەکردۆتەوە کە نابێ هێچ جۆرە گەمارۆیەک لەسەر ئەو ڕێژیمە لابچێ ویان یارمەتی ئەو ڕێژیمە بدرێ تا ئەو کاتەی کە ڕێژیمی ئێران بەبەڵگەوە دەیسەلمێنێ کە چی دیکە مافی مرۆڤ پێشێل ناکا و پشتیوانی لە گرووپە تێرۆریستییەکان لە ناوچەکە و جیهاندا بەمەبەستی تێکدانی سەقامگیری ناوچەکە و جیهان ناکا.
واژۆکەرانی ئەو نامەیە هەروەها لە نامەکەیاندا دەڵێن: دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ئێران، ناڕازییانی ڕێژیم لە نێوخۆدا سەرکوت دەکەن و لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێرانیش ناڕازییانی ئەو ڕێژیمە تێرۆر دەکەن.
پسپۆڕان و کەسایەتییە ئێرانییەکانی دانیشتووی ئەمریکا لە درێژەی نامەکەی خۆیاندا بۆ جۆبایدێن نووسیویانە کە هەموو ئەو تێرۆرانەی کە ڕێژیمی ئێران لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆیدا بە مەبەستی کپکردنی دەنگی نەیارانی خۆی بەڕێوەی دەبا، بڕیارەکانی لەلایەن خامنەییەوە و بەهۆی دەزگا ئیتلاعاتییەکانی و باڵوێزخانەکانی لە وڵاتی دیکە بەڕێوەدەچێ.
جێگای ئاماژەیە کە ئەم نامەیە نێردراوە بۆ جۆبایدێن سەرۆککۆماری ئەمریکا، ئانتۆنی بلینکێن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، بەرپرسانی مەجلیسی سێنا و مەجلیسی نوێنەرانی ئەمریکا.