عێراقچی، بەرپرسی تیمی وتووێژی تاران لە ویەن بە ئاماژە بە ڕێگای دوور و سەختی گەیشتن بە ڕێککەوتن وتی: ناتوانین لە ئێستادا هەڵسەنگاندنێکی گشتیی بۆ وتووێژەکانمان لە هەمبەر ڕێککەوتنی ناوکیی بکەین.
عەباس عێراقچی، جێگری سیاسیی وەزیری دەرەوەی ئێران و بەرپرسی تیمی وتووێژی ئێران لە ویەن، ڕۆژی هەینی ٢٠ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە وتوێژێکدا لەگەڵ کاناڵی پرێس تیڤی، سەرەڕای دووبارەکردنەوەی داواکاری ئێران لە هەمبەر نەمانی هەموو گەمارۆکانی سەر ئێران وتی: تا ئەوکاتەی ئەمریکا هەموو گەمارۆکانی خۆی لانەبا و نەگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنی ناوکیی، هیچ جۆرە چالاکییەکی ناوکیی ئێران، بە تایبەتیی بەرهەمهێنان و پیتاندنی ئۆرانیۆم نەک ڕاناوەستێنین تەنانەت ئاستی بەرهەمهێنانیشی کەم ناکەینەوە.
لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی پێنجشەممە ١٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی، ڕایگەیاند کە تەنانەت ئەگەر دانیشتنەکانی ویەن ببێتە هۆی ئەوەیکە ئێران بگەڕێتەوە بۆ بەڵێنەکانی لە ڕێککەوتنی ناوکیی، گەماڕۆکانی بەرنامەی مووشەکیی بالستیک و پیشتیوانیکردنی ئێران لە تێرۆریزم لاناچێ و وەکوو خۆی دمێنێتەوە.
هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندوە کە لە هەمبەر پێبەندبوون و گەڕانەوەی ڕێژیمی ئێران بۆ بەڵێنەکانی لە ڕێککەوتنی ناوکیی هێندێک لە گەمارۆکانی سەر ئێران لا دەبەین کە ئەمەش ناڕەزایەتیی نوێنەرانی کۆماریخوازی کۆنگرەی ئەمریکای لێکەوتەوە.