بەرپرسی گشتی هەواڵگریی “مووساد”ی ئیسرائیل، بە نیازە لە ڕۆژانی داهاتوودا بەمەبەستی نیشاندانی بەڵگەی پێشێلکارییەکانی ناوکیی ڕێژیمی ئێران، بۆ ئەمریکا سەفەر بکا.
کاناڵی ١٣ی ئیسرائیل ڕایگەیاند: یووسی کۆهێن، بەرپرسی هەواڵگریی مووساد، بە نیازە لە ڕۆژانی داهاتوودا، بۆ ئەمریکا سەفەر بکا تا بەڵگەکەلێک بە بەرپرسانی ئەمریکایی بدا کە ئەوە دەخەنەڕوو کۆماری ئیسلامی زانیاری پێوەندیدار بە بەرنامەی ناوکیی خۆی دەشارێتەوە و لەم بارەوە لەگەڵ کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی درۆ دەکا.
بەپێی ئەو راپۆرتە، ئیسرائیل لەهەوڵدایە بەشێوەیەک ڕێکی بخات کە، “کۆهێن” لەو سەفەرەدا لەگەڵ “جۆ بایدێن” چاوپێکەوتن بکا.
نابراو یەکێک لە بەرپرسە پلە بەرزەکانی ئیسرائیلە کە لەکاتی دەسبەکاربوونی جۆ بایدێن بۆ ئەمریکا سەفەر دەکا.
هەروەها “بێنیامین نەتانیاهوو” سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لەگەڵ ئەوەی کە دژکردەوەی توندی لەگەڵ کۆبوونەوەی ئەندامانی بەرجام بۆ ڕێککەوتنی ناوکیی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران نیشاندا و هوشداری بە هاوپەیمانانی وڵاتەی دا و وتی: ڕێککەوتنێک دەستی کۆماری ئیسلامی بە چەکی ناوکیی بگەیەنێ بۆ ئیسرائیل هەڕەشەیەکی سەرەکی و بۆ جیهانیش هەڕەشەیەکی جیددیە، ئیمە دەبێ بە هەموومانەوە هەولی ئەوە بدەین دژبە ڕێژیمی ئێران بوەستینەوە و نەهێڵین دەستی بە چەکی ناوکیی بگا.