ئەحمەد تەوەکولی، ئەندامی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ڕێژیم لە دانپێدانانێکدا دەڵێ: پەتای کۆرۆنا پێشی لەسەرهەڵدانی خەڵکی ناڕازیی لە ئێراندا گرتووە.
جێگری گشتیی وەزارەتی تەندروستی ئێران ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە وتوێژێکدا کە لەدەنگ وڕەنگی کۆماری ئیسلامیی ئیران بڵاوبووەوە وتی: ئاماری تووشبوون بە پەتای کۆرۆنا لە ئێراندا سێ هێندە زیادی کردووە و ٨٥ شار لە ئێستادا لە دۆخی سووردان.
تەوەکولی لەدرێژەدا بە ئاماژە بە پەرەسەندنی پەتای کۆرۆنا لە ئیراندا وتی: من ئەم پەرسەندنە خێرایەی پەتای کۆرۆنام بە هەڵکشانی پلیکانیی ناودێرکردووە بەڵام لە ئیستادا هێندە خێرا پەرە دەستێنی کە وەکو ئاسانسۆڕ لە هەڵکشاندایە.
ناوبراو بە ڕۆژنامەی “فەرهیختگان”ی وت: نابێ کڵاو لەسەر خۆمان بنێین، لە ماوەی ٤٠ساڵی رابردوودا ئێمە تا ئەو ئاستە لە چاوی خەڵکدا بێ متمانە نەبووین و لە ئیستادا خەڵک هیچ جۆرە متمانەیەکی بە کۆماری ئیسلامیی ئێران نەماوە.
ئەحمەد تەوەکولی لە دڕێژەی وتووێژەکەیدا دەڵێ: من بە بەرپرسانی باڵای ڕێژیمم ڕاگەیاندووە کە ئەگەر پیداویستییە سەرەکییەکانی خەڵک دابین نەکرێ و پێش لە گرانبوونی شتومەک نەگیردرێ ، دەبێ چاوەڕوانی شۆڕشی خەڵکی هەژار و کەمداهاتی ئێران ببین و ئەگەریش ئەو شۆڕشە بەرپا بێت، هیچ کەس ولایەنێک ناتوانێ پێشی پێبگرێ.