٦٠کەس لە نوێنەرانی مەجلیسی ئێران لە نامەیەکدا ڕایانگەیاند کە عەبدولڕەزا ڕەحمانی فەزڵی، وەزیری نێوخۆی ڕێژیم، دەستی بە خوێنی خەڵکی ناڕازیی لە ناڕەزایەتییە گشتییەکانی مانگی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاویدا سوورە و دەبێ لێپرسینەوەی لێبکرێ.
پاش قسەکانی ئەحمەد عەلیڕەزا بەیگی، نوێنەری شاری تەوریز لە مەجلیسی ئێراندا کە وتبووی وەزیری نێوخۆ، عەبدولڕەزا ڕەحمانی فەزڵی، دەستی بەخوێنی خەڵکی ناڕازی لە ناڕەزایەتییە گشتییەکانی مانگی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاویدا سوورە و دەبێ لێپرسینەوەی لێبکرێ، بۆ پشتگیری لە قسەکانی ناوبراو ٦٠کەس لە نوێنەرانی مەجلیسی ئێران لە نامەیەکدا داوای لێپرسینەوە لە وەزیری نیوخۆدەکەن.
هەرلەم پێوەندییەدا محەممەد جەواد کولیوەند، جێگری پارلمانیی وەزیری نێوخۆ، بەرگری لە کارەکانی وەزارتی نیوخۆ لە ڕووبەڕووبوونەوەی خەڵکی ناڕازی کرد و خەڵکی ناڕازی لە خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاویدا بە “ئەرازل وئەوباش” ناودەبا و هەروەها ڕایگەیاند کە وەزارەتی نێوخۆ سکاڵایەک لە دژی ئەو نوێنەرە تۆمار دەکا.
هەر لەو پێوەندییەدا هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی خاکەلێوە، لە شاری ئیسفەهان هێرش دەکەنە سەر بنەماڵەی کوژراوانی ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاوی و٢٢کەس لە ئەندامانی بنەماڵەکانیان دەسبەسەر دەکەن.