فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل، لەناوچەی دەمێشق کۆگایەکی تەقەمەنی و چەکوچۆڵی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامییان بۆردومان کرد.
ئێوارەی چوارشەمە ١٨ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی، ئیسرائیل لە هێرشێکی ئاسمانیدا، کۆگای تەقەمەنی و چەکوچۆڵی هێزە تێرۆریستەکانی سەربە کۆماری ئیسلامیی لە ناوچەی دەمێشقی پێتەختی سووریەی کردە ئامانج و چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریەش ئەو هێرشە پشتڕاست دەکاتەوە و ئاماژە بە چەند مۆڵگە و کۆگای تەقەمەنی هێزە ملیشیاکانی سەربە ڕێژیمی ئیران لەو ناوچەیە دەکا کە کراونەتە ئامانجی فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل.
هەواڵدەریی فەرمیی سووریە “سانا” ڕایگەیاند کە، ئەو هێرشە ئاسمانییەی ئیسرائیل بۆ ناوچەی دەمێشق، بووە هۆی برینداربوونی ٤ چەکدار و زەرەر و زیانێکی زۆری ماددی لەو ناوچەیە.
لە لایەکی دیکەوە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا ئیسرائیل هێرشی کردە سەر کەشتییەکی سپای پاسداران لە دەریای سوور، بەڵام سەرەڕای بەردەوامیی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئێران و میلیشیاکانی سەر بەو ڕێژیمە و ئەندامانی سپای پاسداران لە سووریە و عێراق کۆماری ئیسلامیی ئێران بێدەنگییەکی تەواوی هەڵبژاردووە.