لەماوەی ڕابردوودا هەڵاوسانی ئابووری و گرانبوونی نرخی پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان لە ئێراندا خەڵکی ئێرانی تووشی کێشە وقەیرانی دەروونی و کۆمەڵایەتیی زۆر جیددی کردۆتەوە.
لەو گرتە ڤیدیۆیانەی کە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاو بونەتەوە، هەموویان باس لە کێشەی دەروونی، کۆمەڵایەتیی و قەیرانی ئابووری قورس لە ئێراندا دەکەن و بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانیش هیچ گرینگییەک بە بارودۆخی خراپی خەڵک لە ئیراندا نادەن.
هێرشکردنە سەر فرۆشگا خواردەمەنییەکان لە ئێراندا ڕووی لە پەرەسەندنە و هەرلەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لە شاری مەشهەد سێ کەس بە چەکەو هێرش دەکەنە سەر فرۆشگایەکی خواردەمەنی بۆ دابینکردنی چەند پێداویستییەکی ڕۆژانەی خۆیان و لە شاری کرمان و چەند شاری دیکەش رووداوی هاوشێوە ڕوویداوە کە ئەم ڕووداوانە هەمووی باس لە کێشەی ئابووری و برسییەتی و هەژاریی خەڵک لە ئێراندا دەکەن.
بەهۆی کێشە کۆمەڵایەتیی و ئابوورییەکانەوە لە ئیران دیاردە دزێوەکانی وەک خۆ کوشتن، کوشتنی ئەندامانی بنەماڵە، دزی کردن، بە شێوەیەکی بەرچاو ڕوولە زیادبوونە و بەرەو کارەسات و داڕمانی کۆمەڵگە هەنگاو دەنێ.